چالاکانی ژینگەپارێز لە ئێلام، ژینگەی شارەکەیان خاوێن کردەوە+وێنە

16:19 - 28 بانەمەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی رەوتی چالاکی ژینگەپارێزی و خاوێن کردنەوەی سروشتی کوردستان، بەشێک لە ژینگە و سروشتی دەورووبەری شارەکانی ئیلام و بۆکان لەلایەن چالاکانی ژینگەپارێزییەوە خاوێن کرانەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی هەینی رێکەوتی ٢٦ی بانەمەڕ ژمارەیەک لە چالاکانی ژینگەپارێزیی کورد لە شاری ئیلام، لە چالاکییەکی خۆڕسکدا ژینگەی دەوروبەری شارەکەیان لە زبڵ و پاشماوە داماڵی.

لەو چالاکییەدا، چەندین تۆن زبڵی نێو ئاو و ژینگەی شارەکە لەلایەن ژینگەپارێزانی کوردەوە، بەبێ هاوکاریی ناوەند و لایەنە پەیوەندیدارە حکوومەتییەکانی شاری ئیلام، کۆکرایەوە.

هاوکات و لەلایەکی دیکەوە، رۆژی هەینی ژمارەیەک چالاکی ژینگەپارێز لە شاری بۆکان، لە حەرەکەتێکی هاوشێوەدا دەوروبەری شارەکەیان لە زبڵ و پاشماوەی گەشتیاران خاوێن کردەوە.

لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا رەوتی ژینگەپارێزی و چالاکیی خاوێنکردنەوەی ژینگە لە کوردستانی ئیران بەشێوەیەکی بەرین پەرەی سەندووە و لەو ماوەیەدا لە نزیک بە تێکرای شار و ناوچەکانی کوردستان چالاکیی جۆرواجۆری ژینگەپارێزی وکوو خاوین کردنەوەی سەیرانگە و شوێنە گەشتییارییەکان، شوێنەوارە مێژووییەکان، بەنداو و چۆمەکان و هەروەها ئازادکردنی باڵندە و ئاژەڵە کێوییەکانی تێدا بەڕێوە چووە.
\"20035.jpg\"

\"20034.jpg\"

\"20037.jpg\"

\"20036.jpg\"

\"20038.jpg\"

\"20039.jpg\"