چالاکانی مەزهەبی لە سنە، بانگهێشتی ئیتلاعات کران

15:01 - 30 خەرمانان 2714
ئاژانسی کوردپا: دوو کەس لە هاووڵاتییانی کوردی پەیڕەوی \"مەکتەب قورئان\"، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنەوە لێپێچینەوەیان لێکرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئیدارەی ئیتلاعاتی ئوستانی کوردستان، رۆژی رابردوو دوو ئەندامی مەکتەب قورئانی بە ناوەکانی ئەحمەد کاکی و فەریبورز ئەحمەدی بانگهێشت کرد.

ئەم کەسانە بەهۆی پەیڕەوی کردن لە ئەحمەدی موفتی‌زادە، رێبەری ئایینیی مەکتەب قورئان بانگهێشتی ئیتلاعات کراون.

\"22202.jpg\"
راپۆرتەکە باس لەوە دەکات، کە هێزە ئەمنییەکان سەبارەت بە \"چالاکییەکانی ئەم رەوتە ئایینییە\"، لێپرسینەوەیان لەو دوو کەسە کردووە.

پێشتریش هاووڵاتییەکی کوردی یارسانی بەناوی سەید ئەمین عەباسی سەرەڕای بانگهێشت‌کرانی بۆ پۆلیسی ئەمنیەتی کرماشان، پەروەندەیەکی قەزاییشی بۆ کرابوویەوە.

لەماوەی چەند مانگی رابردوودا، زیاتر لە ١٥٤ ئەندامی مەکتەب قورئان لە شارەکانی کوردستانی ئێران بانگهێشتی ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کراون و سەبارەت بە چالاکییە مەزهەبییەکانیان لێپرسینەوەیان لێکراوە.

ئەو چالاکانە بەردەوام لە لێپرسینەوەکانیاندا \"بانگەشەو رێنوێنی کردنی خەڵکیان بەبێ چالاکیی سیاسی\" بە ئەرکی خۆیان لە قەڵەم داوە.

بەگوتەی چالاکانی ،مەزهەبی، بانگهێشت و لێپرسینەوە لەم کەسانە \"بەشێک لە بەرنامە و کاری ئیدارەی ئیتلاعات\"ی حکوومەتی ئیسلامی لە شارەکانی کوردستانە.

ئەحمەد موفتی‌زادەئیسلام‌ناسی سوننی مەزهەب، سالی ١٣١١ لە شاری سنە لەدایک بووە و ساڵی ١٣٥٦ مەکتەب قورئانی دامەزراند.

لەلایەکی دیکەوە بنەماڵەی محەمەد مودەریسی توانیبوویان لە زیندانی ورمێ چاویان بە رۆڵەکەیان بکەوێت.

ئەم هاووڵاتییە پیرانشارییە، نزیک بە ٤٠ رۆژ پێش ئێستا بە تۆمەتی \"پەیوەندی لەگەڵ گروپە سەلەفییەکان\" لەلایەن حیفازەت ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە لە شاری مەهاباد دەستبەسەر کرابوو.