چالاکانی مەدەنیی کوردستان لەگەڵ پێشەوا پەیمانیان نوێ دەکاتەوە

15:22 - 7 خاکەلێوه 2718
ئاژانسی کوردپا: کەمپەینێک بە ناوی \"کوردستان پەیمان نوێ دەکاتەوە\" بۆ بەرزڕاگرتنی یادی پێشەوا قازی محەممەد ڕێک خراوە.

چالاکانی مەدەنیی و سیاسی کوردستان، لە بەرەبەری ١٠ی خاکەلێوە، ٧١ـەمین ساڵیادی شەهیدکرانی پێشەوا قازی محەممەد، لە گۆڕەپانی \"چوارچرا\"ی شاری مەهاباد کەمپەینێکیان لەژێر ناوی \"کوردستان پەیمان نوێ دەکاتەوە\" وەڕێخست.

بەڕێوەبەرانی ئەو کەمپەینە داوا لە خەڵکی کوردستان دەکەن، کە ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی خاکەلێوە لەسەر گڵکۆی پێشەوا قازی محەممەد ئامادە بن و جارێکی دیکە لەگەڵ ئارمانەکانی سەرکۆماری کوردستان پەیمان نوێ بکەنەوە.

٧١ ساڵ لەمەوبەر لە ڕۆژی١٠ی خاكەلێوەی ١٣٢٦ی هەتاوی (٣٠ی مارسی ١٩٤٧) پێشەوا قازی محەمەد، سەركۆماری كوردستان، محەممەد حوسێن سەیفی قازی وەزیری بەرگریی كوردستان و جێگری سەركۆمار و ئەبولقاسم سەدری قازی نوێنەری شاری مەهاباد لە خولی ١٤ی مەجلیسی شۆرای میللی و نوێنەری كوردستان بۆ وتووێژ لەگەڵ حكوومەتی ناوەندی، دوای دادگایییەکی فەرمایشی و داخراو بە فەرمانی محەمەدڕەزا شا و ستادی ئەرتەش لە مەیدانی چوارچرا ئەو شوێنەی كە كۆماری كوردستانی تێدا راگەیەندرا، لە سێدارە دران.

لە پێش کۆماردا هێندێ جار لە ڕۆژنامەی کوردستان، ئاماژە بە ناوی پێشەوا دەکرا، لە دوای دامەزرانی کۆمار بە شێوەی فەرمی نازناوی پێشەوا پێی ‌بەخشرا و ئەو ناوە هەتا ئێستاش لە نێو کۆڕ و کۆمەڵی خەڵکدا ھەر باو و ناسراوە.

بەڵام لە دوای كۆماری كوردستان، ئاڵای كۆمار و سروودی نەتەوەیی لە لایەن سەرجەم پارت و لایەنە سیاسییەكانەوە بەرز ڕادەگیرێت و بوونەتە سیمبۆلی نەتەوەیی.

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، چالاکانی سیاسی_فەرهەنگی و کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان لە هەر چوارپارچەی کوردستان، لە هەوڵدان کە ڕۆژی ١٠ خاکەلێوە وەکوو ڕۆژی شەهیدانی کوردستان لە لایەن حیزب و لایەنە سیاسییەکان و هەروەها حکوومەتی هەرێمی کوردستانی عێراقەوە بە فەرمێ بناسرێت و لە ڕۆژمێری کوردستان ئەو ڕۆژە وەکوو ڕۆژی شەهیدانی کوردستان دیاری بکرێت.