چالاکانی مەدەنیی کورد، بەکردەوە هەوڵی دژ بەسێدارەیان دا

17:07 - 29 خاکەلێوه 2715
ئاژانسی کوردپا: ژمارەیەک لە چالاکانی مەدنی و مافی مرۆڤی کوردی شارەکانی کوردستان لە هەوڵی رزگار کردنی گیانی هاووڵاتییەکی مەحکووم بە سێدارەدان.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رێکەوتی ٢٨ی خاکەلێوە ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنی و مافی مرۆڤی کوردی شارەکانی سنە، سەقز، بانە و دیواندەرە لە هەوڵێکدا کە بە\" دژ بەسێدارە\" لەقەڵەمیان داوە لە هەوڵی رزگارکردنی گیانی هاووڵاتییەکی کورد دان.

ئەو چالاکانە سەردانی بنەماڵەی قوربانییەکەیان لە ئاوایی \" سیوچی\" سەر بە شاری بانە کردووە و داوایان لەو بنەماڵەیە کردووە کە لە بکووژی رۆڵەکەیان خۆشبن.

\"26087.jpg\"
ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنی و مافی مرۆڤی کوردی شارەکانی سنە، سەقز، بانە و دیواندرە لە هەوڵێکدا کە بە\" دژ بەسێدارە\" لەقەڵەمیان داوە لە هەوڵی رزگارکردنی گیانی هاووڵاتییەکی کورد دان
ماوەی چەند ساڵ لەمەوبەر لە شەڕ و تێکهەڵچوونێکدا، کەسێک کە باوکی چوار منداڵیش بوو کوژرا و بکووژەکەش لەلایەن دەزگا قەزاییەکانەوە بە سێدارەدان حوکم درایەوە.

ئێستا ئەو چالاکە کوردانە لە دەستپێشخەرییەکدا چوونەتە ماڵی قوربانییەکە و داوایان کردووە کە لە بکوژەکە خۆش بن.

ئازاد نمەکی، جەبار دەستباز، سەباح شیانی، عومەر فارووقی، محەممەد عەباسی، کەریم دافعی و موختار زارعی لەو چالاکانە بوون کە دەیانهەوێ فەرهەنگی دژ بە سێدارە و لێخوشبوون لە ناو کۆمەڵگەی کوردیدا جێ بخەن.

موختار زارعی ماوەی کەمتر لەحەفتەیەکە لەمەوبەر بە دانانی بارمتە لەزیندان ئازاد کراوە. ئەو چالاکە کوردە بە تاوانی نووسینی بابەت دژ بە سیدارە لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو.

ئەو چالاکە سیاسیی کوردە، لە لاپەڕەی تابەتیی خۆی لە فەیسبووک بڵاوی کردۆتەوە، کە سەرەڕای گفتوگۆ ودانیشتن لەگەڵ بنەماڵەی کوژراوەکە، بەداخەوە بنەماڵەکەی پێداگری لەسەر لەسێدارەدرانی بکوژی کوڕەکەیان دەکەن.