چالاکانی مەدەنیی شاری مەریوان، لە ڕاگەیاندراوێکدا کوژرانی دوو کۆڵبەری خەڵکی بانەیان مەحکووم کرد

16:10 - 14 خەرمانان 2717
ئاژانسی کوردپا: چالاکانی مەدەنیی شاری مەریوان، لە پەیوەندیی لەگەڵ مانگرتنی خەڵکی شاری بانە سەبارەت بە کوژرانی دوو کۆڵبەری کورد ڕاگەیاندراوێکیان بڵاو کردەوە.


لە بەیاننامەی چالاکانی مەدەنی شاری مەریواندا هاتووە: ئەمە یەكەمجار نییە كۆڵبەرانی بێ‌تاوانی كورد لە سنوورەكانی کوردستان دەبنە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیم و گیانان لە دەست دەدەن.

دەقی ئەو ڕاگەیاندراوەی کە بۆ ئاژانسی کوردپا نێردراوە، بەم چەشنەیە:

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان

کاسبکاران و بازاڕیانی چاونەترس


هەروا کە ئاگادارن بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە، ١٣ی خەرمانان، دوو كۆڵبەری كوردی خەڵكی شاری بانە كە بۆ بژێوی ژیان ڕوویان لە سنوورەكان كردبوو، لە لایەن هێزە ئینتزامییەكانەوە ڕاستەوخۆ تەقەیان لێ کراو و گیانیان لە دەست دا.
ئەمە یەكەمجار نییە كۆڵبەرانی بێ‌تاوانی كورد لە سنوورەكانی کوردستان دەبنە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیم و گیان لە دەست دەدەن.
لە ساڵی ڕابردووەوە هەتا ئێستا بە دەیان كۆڵبەر و كاسبكاری كورد لە سنوورەكان لە لایەن هێزە ئینتزامییەكانەوە تەقەیان لێ كراوە و كوژراون.

ئێمەش وەك چالاكانی مەدەنی شاری مەریوان وێڕای هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەی ئەم دوو كۆڵبەرە كوردە و مەحكووم كردنی ئەم هەڵسووكەوتە نامرۆڤانەیە، داوا لە هەموو بازاڕیان و هەموو چین و توێژەکانی شاری مەریوان دەكەین بۆ مەحكووم كردنی ئەم كردەوە نامرۆڤانەیە و بۆ ئەوەی باوکان و براکانمان چیتر نەبنە قوربانی، سبەی چوارشەممە ڕێكەوتی ١٥ی خەرمانان بە داخستنی دوكان و بازاڕەكانتان لە چوونە سەر كار خۆ ببوێرن و بەم شێوەیە دەنگی ناڕەزایەتی خۆتان بە گوێی بەرپرسان و دەسەڵاتدارانی كۆماری ئیسلامیی و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی بگەیەنن.

چاوەڕوانیمان لە ئێوەی خەڵكی خۆشەویستی شاری مەریوان و سەرجەم شارەکانی کوردستان ئەوەیە بە داخستنی دوكان و بازاڕەكانتان ئەم هەڵسووكەوتە دژە ئینسانییەی هێزە ئینتزامییەكان، كە ساڵەهایە وەک ئەسڵ و سیاسەتێکی نەگۆڕ بۆ کوشتنی ئازیزانمان پێڕەوی کردووە، بە توندترین شێوە مەحكووم بكەن و بو ئەم مەبەستە سبەی چوارشەممە ١٥ی خەرمانان، بۆ پشتیوانی لە خەڵکی شاری بانە دوکان و بازاڕەکانتان دا بخەن و کاتژمێر ١٠ی سەرلەبەیانی لەبەر فەرمانداریی شاری مەریوان کۆ ببنەوە و بەو شێوازە مەدەنییانە ناڕەزایەتی خۆتان دەر ببڕن.

چالاكانی مەدەنی شاری مەریوان
١٤ی خەرمانانی ١٣٩٦ی هەتاوی