چالاکانی مەدەنی کوردستان: تەقەی کوێرانەی هێزە نیزامییەکان، مەسەلەی کۆڵبەرانی کردووەتە تراژدییەک

16:50 - 29 جۆزەردان 2717
ئاژانسی کوردپا: ٢٥٠ چالاکی مەدەنی و سیاسی کوردستانی ڕۆژهەڵات بە بڵاوکردنەوەی نامەیەکی سەرئاوەڵا ناڕەزایەتی خۆیان لە هەمبەر درێژەدان بە کوشتنی کۆڵبەران لە لایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتییەوە دەربڕی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ٢٥٠ چالاکی مەدەنی و سیاسی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە نامەیەکی سەرئاوەڵادا وێڕای سەرەخۆشی و دەربڕینی هاوخەمی خۆیان لەگەڵ بنەماڵەی کۆڵبەری کوژراوی خەڵکی شاری سەردەشت و کۆڵبەرانی دیکەی کوژراو لەم چەند ساڵەدا، نیگەرانی قوڵ و بێزاری خۆیان لە هەر جۆرە هەڵسوکەوتێکی توندوتیژئامێز لەگەڵ کۆڵبەرانی کورد و مەسەلەی کۆڵبەران دەربڕی.

لە بەشێکی ئەو نامەیەدا هاتووە، هەروەک ئاگادارن، لە مێژە لە ژێر سێبەری هەژاری، پەرەنەگرتووی ناوچەکە و ڕوانینی ئەمنیەتی و هەڵاواردنە جۆراجۆرەکان، زۆرێک لە خەڵکی ناوچە سنورییەکانی کوردستان، لە ڕووی ناچارییەوە ڕوویان لە پیشەی مەترسیداری کۆڵبەری کردووە. هەرچەندە لەم چەند ساڵەی دواییدا، هێندێک هەنگاو بۆ ئاسان کاری و هێنانی هێندیک شتومەک لە لایەن کۆڵبەرانەوە کراوە.

لە بەشێکی دیکەی ئەو نامەیەدا هاتووە\" \"جیا لە ڕووداو و پێشهاتی سروشتی، تەقینەوەی مین، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە ڕۆژانە کۆڵبەرانی کورد دەدرێنە بەر دەستڕێژ و دەبنە قوربانی.

لە درێژەی ئەو نامەیەدا، چالاکانی مەدەنی بە ئاماژە کردن بە کوشتاری بێبەزییانەی کۆڵبەراندا هاتووە؛ ئەگەرچی کوشتنی بێبەزەییانەی کۆڵبەران ناڕەزایەتی هێندێک لە بەرپرسانی حکوومەتی لێکەتووتەوە، ئەم کارە تەنیا لە ئاستی میدیاکان بووە و بە شێوەی کردەکی هیچ هەنگاوێک بۆ کوتایی هێنان بە کوشتن و بریندار کردنی کۆڵبەران لەو بارەیەوە هەڵ نەگیراوە.

ئێمە واژۆ کەرانی ئەو نامەیە وێرای سەرخۆشی و هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەی کۆڵبەرانی کوژراو قوربانیانی دیکەی ئەم چەند ساڵەی دواییدا، نیگەرانی قوڵ و بێزاری خۆمان لەو کردەوە توندتێژئامێزە لەگەڵ کۆڵبەران دەدەبڕین و داواکاری کۆتایی هێنانی بێ دەنگی و پاساو هەڵنەگرانە، لە چالاکانی مەدەنی و نوێنەرانی مەجلیس لەو پەیوەندییەدا دەکەین.

بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لە ساڵی ڕابردوو (٩٥) لە کۆی ١٥٤ کۆڵبەری کوژرا و بریندرا، ٦٦ کەس کوژراون و ٨٨ کەسی دیکە بریندار بوون.

لە درێژەی کوژران و بریندار بوونی کۆڵبەران ٣ کۆڵبەر تەمەن ١٦ و ١٧ ساڵ بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت کوژرا و بریندار بوون.