چالاکانی مافی ژنان لە ئێران لەبەردەم هێرشێکی نوێدان

15:16 - 21 گەلاوێژ 2716
ئاژانسی کوردپا: ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی، باسی لە هێرشێکی نوێ لە لایەن کاربەدەستانی ئەمنیەتیی حکوومەتی ئێرانەوە، بۆسەر ژنانی چالاکی ئەو وڵاتە کردووە.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی ڕایگەیاندووە کە؛ \"زۆرتر لە ١٠ ژن لە لایەن سپای پاسدارانەوە بانگهێشت کراون و بۆ ماوەیەکی درێژخایەن لە ژێر گوشار و لێکۆڵینەوەدا بوون و هەڕەشەیان لێ کراوە کە تۆمەتی ئەمنیەتییان بەسەردا دەسەپێنن.\"

زۆربەی بانگهێشت کراوەکان، کەسانێک بوون کە ساڵی ڕابردوو لەمەڕ بەشداریی زیاتری ژنان لە مەجلیس‌دا چالاکییان کردووە.

بانگهێشت کراوەکان، پێشتر لە هۆکاری بانگهێشتەکەیان بۆ دەزگا ئەمنیەتییەکان ئاگادار نەکراونەتەوە، و پاش ڕۆشتنیان بۆ شوێنی دیاریکراو، لەکاتی لێپێچینەوەدا، ئامانجی سەرەکیی بانگهێشتەکەیان بۆ دەرکەوتووکە. ئەو چالاکانەی بواری ژنان سەبارەت بە چالاکی لەمەڕ بەشداریی زیاتری ژنان لە مەجلیسدا بانگهێشت کراون، و بەرەوڕووی تۆمەتی پێکهێنانی\"گرووپی ڕووخاندنی حکوومەت لە دەرەوەی وڵات\" بوونەتەوە.

بە وتەی ئەم ڕێکخراوە، تۆمەتباران، لەمافی هەبوونی پارێز لە کاتی لێکۆڵینەوەدا بێبەش بوون.

\"مەگدانا مەغرێبی\"،جێگری کاروباری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئافریقا لەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەدا ڕایگەیاندووە کە؛ \"کاربەدەستان، لە بەرانبەر ژنانێکدا کە بۆ هاوسەنگیی ڕەگەزی لە دام و دەزگا حکوومەتییەکاندا چالاکی دەکەن، وەک دوژمنی حکوومەتی و ئەمنیەتی هەڵسوکەوت دەکەن و هەوڵ دان بۆ بەرابەری و دابین کردنی مافی ژنان لە هیچ یاسایەکدا تاوان نیە.\"