چالاکانی مافی ژنان لە سنه، توندوتیژی بەرانبەر بە ژنانیان مەحکوم کرد

20:14 - 25 رێبەندان 2718
ئاژانسی کوردپا: کۆمەڵێک لە چالاکانی مافی ژنان لە شاری سنه، به ڕۆێشتن بۆ سەر مەزاری \"لەیلا حوسێن پەناهی\"، توندوتیژی بەرانبەر به ژنانیان مەحکووم کرد.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو به ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٥ی ڕێبەندان، کۆمەڵێک لە چالاکانی مافی ژنان لە شاری سنه، لە پێوەندی لەگەڵ توندوتیژی دژی ژنان لە بەهەشتی محەممەدی ئەو شارە، لە سەر مەزاری \"لەیلا حوسێن پەناهی\" رێوڕەسمێکیان بەڕێوە برد.

ئەم ڕێوڕەسمە بە ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ یادی هەموو ژنانی قوربانیی توندوتیژی دەستی پێکرد و دواتر پارچە شێعرێک لە لایەن یەکێک لە بەشداربووانەوە خوێندرایەوە.

\"\"لە درێژەی ئەم ڕێوڕەسمەدا، ڕاگەیەندراوی کۆمەڵێک لە چالاکانی مافی ژنان لە شاری سنه خوێندرایەوە.

دواتر بەشداربووانی ڕێوڕەسمەکە لە پێوەندی لەگەڵ مەحکووم کردنی توندوتیژی بەرانبەر به ژنان، چەند وتەیەکیان پێشکەش کرد.

چالاکانی مافی ژنان لەم رێوڕەسمەدا ڕایانگەیاند: \"لەیلا حوسێن پەناهی و سۆما سەڵواتی\" قوربانیی دەستی نەریتە دواکەوتوو و توندوتیژانەکان دژ به ژنان بوون و گیانیان لە دەست دا.\"

ڕۆژی یەکشەممە، ٢١ی ڕێبەندان، ژنێکی خەڵکی سنه به ناوی لەیلا (نازەنین) حوسێن پەناهی\" به لێدانی چەقۆ و ئاجۆر لە لایەن مێردەکەیەوە لە پارکی منداڵی سنه کوژرا.

کوژرانی ئەم ژنه لە لایەن مێردەکەیەوە، ناڕەزایەتیی چالاکانی مافی ژنان لە سنە و بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەلایەتییەکانی بەدواوە بوو.