چالاکانی عەرەبی ئەحواز سزای نەخدیی و زیندانیان بۆ بڕایەوە

12:59 - 9 رەزبەر 2716
ئاژانسی کوردپا: نۆزدە لاوی عەرەب لە پارێزگای خوزستان لەلایەن دادگاوە بە زیندانی تەعزیری و سزای نەخدی مەحکووم کران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دادگای ئینقلابی شاری شووش، بۆ ١٩ لاوی عەرەب کە لە کۆتاییەکانی ساڵی ڕابردوودا لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا بوون، سی ساڵ زیندان و ٨٠ میلیۆن تمەن سزای بڕییەوە.

دادگا بۆ ١٥ کەسیان هەر یەکەو دوو ساڵ زیندان و هەروەها بۆ چوار کەسی دیکەیان بڕی ٢٠ میلیۆن تمەن سزای نەخدیی دیاری کرد.

بنەماڵەی دەستبەسەر کراوەکان ئەو حوکمەیان کە لەلایەن لقی ١٠١ ئەو دادگایەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر مەحموود سۆرخە دەرکرابوو بە \"نادادپەروەرانە\" وەسف کردووە.

بە وتەی یەکێک لە چالاکانی مافی مرۆڤی عەرەب، دادگای ئێران ئەو هاووڵاتییانەی بە تاوانی بەشداری لە تێکدانی کەرەستەی دەوڵەتی لە ڕێگای\" سووتاندنی ماشینی هێزە ئەمنیەتییەکان، تێکدانی ئەمنیەتی گشتی و هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی\" مەحکووم کردوە.

کەریم دەحیمی شوناسی مەحکووم کراوەکانی بەم چەشنە ڕاگەیاند؛

١_محەممەد دەبات،٢_سەعید ئاڵ بوعەینی،٣_جابر کەنانی،٤_ئەحمەد دەبات،٥ _ئەحمەد دەبات،_٦عەبدول ئیمام کەنانی،٧_کازم چنانیان،٨_قاسم سەعدی،٩_محەممەد کەنانی،١٠_مستەفا ئیسمائیلی،١١_عەبدوڵڵا موسەوی،١٢_کەریم کەنانی،١٣_محەممەد ئاڵ کەسیر،١٤_محەممەد سەکووری و عەلی عەلیوی ڕاگەیاندووە.

هەروەها دادگا بۆ هادی دولە، حامید کەنانی، قاسم مێهریە و عەباس کەنانی بڕی ٢٠ میلیۆن تمەن پارەی نەقدی بڕیەوە.

تەمەنی هاووڵاتییانی عەرەبی ئێرانی لە نێوان ١٥ هەتا ٣٠ ساڵ دایە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە،مەحکووم کراوەکان پاش بڕینەوە حوکمەکەیان و گوازتنەوەیان بۆ زیندانی \"فەجر\"ی شاری دێزفول، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەسڵی جیاکرنەوە زیندانییەکان، لەگەڵ ئەو کەسانە کە بە تاوانی جۆراوجۆری وەک دزی، قەتل، ڕفاندنی مڕۆڤ، هەروەها تاوانبار بە مادەی سڕکەرلە بەندەکانی زیندان تێکەڵ کراون.