چالاکانی شاری سنە داوای سزادانی ئەنجامدەرانی ئاگرکەوتنەوەکی ئاویەر دەکەن

15:27 - 20 پووشپەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: چالاکانی مافی ژنان و ژینگەپارێزی لە شاری سنە، بۆ پشتیوانیی لە کێوی ئاویەر کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان وەرێخست.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پێنج‌شەممە ١٨ی پووشپەڕ، کۆمەڵێک لەچالاکانی ژنان و ژینگەپارێزی، کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیان بۆ مەحکووم کردنی ئەنجامدەرانی ئاگرکەوتنەوەکەی کێوی ئاویەر، لەگوێزەکوێرەی شاری سنە بەڕێوە برد.

لەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتیەدا چالاکانی مافی ژنان و ژێنگەپارێزی داوایان لە بەرپرسانی حکوومەتی ئیسلامی ئێران لە شاری سنە کردوە تاوانبارانی ئاگرکەوتنەوەکەی ئاویەر دەستبەسەر و سزا بدرێن.

\"28140.jpg\"
ئاگرکەوتنەوەکەی ئاویەر شوێنەکانی دوڵی نێوان ئاویەری گەورە و گچکە، کانی ماماتکە، حەوت ئاسیا و هەتا نزیک قەبری خەدری زیندەی لە خۆگرتبوو، کە خەسارێکی جێددی بە دارستانەکانی ئەو شوێنانە گەیاندبوو.

ئاگرکەوتنەوەکەی کێوی ئاویەر، دوانیوەڕۆی رۆژی هەینی ١٢ی پووشپەڕ، هاوکات لە چوار لاوە رووی دا و کە بەشێکی بەربڵاوی لەدارستانەکانی ئەو سەیرانگایە لە ئاگردا سووتان.

نەبوونی کەرەستەی پێویستی ئاگرکوژێنەوە خەسارێکی قەرەبوونەکراوی بە دارستانەکانی سەیرانگای ئاویەر گەیاندبوو.

لە کۆبوونەوەی بەرپرسانی مودیریەتی قەیران لەئوستانی کوردستان ئاگر تێبەردانەکەی کێوی ئاویەر بە ئەنقەست لەقەڵەم درابوو.

كێوی ئاویەر ٢٣٥٠مێتر بەرزایی هەیە و زاڵە بە سەر شاری سنە لە ئوستانی کوردستان و لەنێو خەڵکی شاری سنەدا گرینگیەکی تایبەتی هەیە.