چالاکانی سیاسی، مەدەنی و مافی مرۆیی: بە دەسبەسەرکرانە بەرینەکان لە کوردستان کۆتایی بێنن

11:57 - 25 خەزەڵوەر 2721

ژمارەیەک لە چالاکانی سیاسی، مەدەنی و مافی مرۆیی بە بڵاوکردنەوەی بەیانییەیەک بەنیسبەت دەسبەسەرکرانە بەرینەکانی ئەم دواییانە لە شارەکانی کوردستان، دژکردەوەیان نیشان داوە و داوایان کردووە بەو جۆرە هەڵسوکەوتانە کۆتایی بێنن.

دەقی بەیانییەی چالاکانی سیاسی، مەدەنی و مافی مرۆیی کە بەدەستی کوردپا گەیشتووە بەم چەشنەیە:

لەم ڕۆژانە سەخت و دوژوارەدا کە هەموومان هەستی پێ دەکەین و هەژاری، بێکاری و نیگەرانیی بژێویی ژیان، باڵی بەسەر ئەم خاک و خەڵکەدا کێشاوە، کوردستانیش لەم تەنگ و چەڵەمەدا بێبەش نەبووە و پێوەی چارەڕەشی و هەژاری بە پشتبەستن بە ئامارەکان، شایەتحاڵی بارودۆخی خراپی کوردستان لەم ڕۆژانەیە.

لە وەها بارودۆخێکی ناهومێدانەدا بەداخەوە، دەسبەسەرکرانی بەرینی ژمارەیەک لە چالاکان و لاوانی کورد نیگەرانیی بنەماڵەکانیان و کۆمەڵگەی کوردستانی چەند بەرابەر کردووە و گوشارە دوور لە یاسا و ڕێساکانی ئەمنییەتی، سەرەڕای بارودۆخی خراپی ئابووری و بژێویی ژیان، تەنگی بە خەڵک هەڵچنیەوە و گوشارە ڕۆحی و دەروونییەکانی بۆ هەمووان چەندین بەرابەر کردووە.

ئەم جۆرە هەڵسوکەوتانە و دەسبەسەرییە بە کۆمەڵانە لەگەڵ بەڵێنییەکانی سەرکۆمار و سەرۆکی هێزی دادوەری پێک ناکۆکە کە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا چەندین جار لە تریبوونە فەرمییەکانی بەڵێنییان بە خەڵک دەدا. ئێمە ژمارەیەک لە چالاکانی سیاسی، مەدەنی و مافی مرۆیی کوردستان درێژەی ئەم جۆرە هەڵسوکەوتانە بە پێشێلکردنی مافی بنەڕەتی و شارۆمەندیی ئاشکرا لە یاسای بنەڕەتی و کۆنواسیۆنە مەدەنی و سیاسییەکانی قەبووڵکراو لە لەلایەن دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی دەزانین. لە کۆتاییدا خوازیاری ڕاگرتنی ئەم دەسبەسەرییانە و ئازادیی دەسبەسەرکراوانی ئەم دواییانەین.