چافرۆشەکانی مەریوان پەیوەست به ڕیزی ژینگەپارێزانەوە بوون

15:33 - 8 بەفرانبار 2718
ئاژانسی کوردپا: چافرۆشەکانی مەریوان، لە کردەوەیەکی سەمبۆلیکدا و بە مەبەستی پاراستنی دارستانەکانی زاگرۆس، سەماوەرە خەڵووزییەکانی خۆیان کرد به گوڵدان بۆ چاندنی بەڕوو و لەمەوبەدوا لە سەماوەری گازی کەڵک وەردەگرن.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو به ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پاش لەنێوچوونی بەربڵاوی دارستانەکانی زاگرۆس، بەتایبەت لە مەریواندا، به هەوڵ و تێکۆشانی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان، چافرۆشەکانی ئەم شارە، ئامادەییی خۆیان بۆ کەڵکوەرگرتن لە گاز بۆ سەماوەرە خەڵووزییەکانیان دەربڕی.

ئەم کارە پاش قەیرانی لەنێوچوونی دارستانەکانی زاگرۆس، بەتایبەت لە ناوچەی مەریوان و بڕینەوەی دارەکان و فرۆشتن و قاچاخی دارەکان و هەروەها گۆڕینی کاربەریی دارستانەکان بۆ زەوینی کشتوکاڵی و باخ و هەروەها گەرمبوونی بازاڕی ئەوانەی کە کەبابییان هەیە، یان ئەوانەی کە چای به خەڵووز دروست دەکەن و نێرگەلە دەفرۆشن ئەنجام دراوە.

هەر لەم پێوەندییەدا، ڕۆژی سێشەممە، ٤ی بەفرانبار، \" پدرام هێجرانی\"، یەکێک لەو لاوانەی کە لە زرێباری مەریواندا، چای دروستکراوی سەر خەڵووزی دەفرۆشت، به دروشمی \"نا بۆ لەنێوبردنی دارستانەکانی زاگرۆس\"، سەماوەرە خەڵووزییەکەی خۆی کرد به گوڵدانێک بۆ چاندنی بەڕوو و لەمەوبەدوا، لە سەر سەماوەری گازی چای ساز دەکات.

\"\"پاش ئەم کارە سەمبۆلیکەی \"پدرام هێجرانی\"، \" فاتح بادغەن\"، چافرۆشێکی دیکە، لە نزیکەی پارکی میللەتی مەریوان، سەماوەرەکەی خۆی کردە سەماوەری گازی و چووە ڕیزی ژینگەپارێزانەوە.

ئەم کارەی چافرۆشانەی مەریوان، پێشوازیی گەرمی ئەنجومەنی چیای سەوزی مەریوانی بەدواوە بوو و لە ڕێوڕەسمگەلێکی جیاجیادا، ڕێزیان لەم دوو چافرۆشە گرت.

ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان هیوادارە، که هەموو ئەو کەسانەی که پیشە و کارەکانیان بە خەڵووز ئەنجام دەدەن، به زووترین کات، لە جیاتی خەڵووز، گاز بەکار بێنن.