چارەنووسی گیراوانی کورد لە ئیتلاعاتدا ناڕوونە

14:50 - 11 بانەمەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: وەزارەتی ئیتلاعات بۆ پێدانی زانیاری لەسەر گیراوانی کورد، داوای هاوکاری ئەمنیی لە بنەماڵەکان دەکات.

بە پێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بنەماڵەی سێ گیراوی کورد لە ورمێ لەلایەن ئیتلاعاتی ئەو شارەوە پێشنیاری هاوکاری ئەمنییان بۆ کراوە.

\"30061.jpg\"
ئاوات شەریفی
ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە بە ناوەکانی سامان چیڕە، مۆحسێن کەربەلایی و محەممەد یووسفی ڕۆژی ٢٣ مانگی خاکەلێوەی ئە مساڵ لە ڕێگای مەهاباد بۆ میاندواو دەستبەسەر کران.

هەواڵنێری کوردپا وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەو ڕاپۆرتە، ڕایگەیاند: ماوەیەک لەمەوپێش هاوسەری یەکێک لە گیراوان بە مەبەستی زانیاری وەرگرتن لەدۆخی سامان سەردانی ئیدارەی گشتی ئیتلاعاتی ورمێی کردووە.

لەوێدا هێزەکانی ئیتلاعات بە هاوسەری سامانیان وتووە کە زانیاری لەبارەی سامان بە مەرجی هاوکاری ئەمنییەتی دەکرێت.

هەروەها لە ڕاپۆرتی گەیشتوودا باس لەوە کراوە کە ئەو هاووڵاتییە ڕووبەڕووی سووکایەتی و ترساندن بووەتەوە و پێیان ڕاگەیاندووە کە بەدواداچوون بۆ کەیسی هاوسەرەکەت مەکە و جارێک میوانی ئێمەیە.

هەروەها لە ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز کوڕێکی ٢٤ ساڵە بە ناوی ئاوات شەریفی بەرەوڕووی ئەشکەنجە بووەتەوە.

ئەو هاووڵاتییە ١٤ ڕۆژ لەمەوبەر لە دووکانەکەی بۆ ستادی خەبەری بانگهێشت و پاشان دەستبەسەر کراوە.

چالاکێکی ناسراوی سیاسی وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەو هەواڵە، دۆخی جەستەیی ئەو لاوە بە خەراپترین ناوزەد دەکات.

ڕەزا شەریفی بۆکانی لە فەیسبووک نووسیویە؛ ئاوات لە گرتنگەی ئیتلاعات ئازاد کراوە بەڵام بە هۆکاری ئەشکەنجەوە، توانای ڕاگرتنی میزی خۆی نەماوە.

لینكی پەیوەندیدار:
لە ماوەی یەک حەوتوودا هەشت هاووڵاتیی کورد دەستبەسەر کران
٧ کەس لە دەستبەسەرکراوان لە کوردستان چارەنووسیان نادیاره