چارەنووسی "کەیۆمەرس لەتیفی" لە گرتنگە ناڕوونە و هەڕەشەکردن لە بنەماڵەکەی بەردەوامە

11:00 - 12 رەشەمه 2721

سەرەڕای تێپەڕینی دوو حەوتوو بەسەر دەسبەسەرکردنی "کەیۆمەرس لەتیفی" چالاکی مەدەنی و مامۆستانی زمانی کوردیی خەڵکی شاری سنە، لە چارەنووسی ناوبراو هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

"فەرید لەتیفی" سەبارەت بە بارودۆخی مامی بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "لە کاتی دەسبەسەرکردنی کەیۆمەرس هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لەمەڕ چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەتییەکان لە دژکردەوەی بەدواداچوون بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی مامم، هەڕەشەی دەسدرێژیی جینسییان لە خوشکەکانی کەیۆمەرس کردووە".

فەرید لەتیفی هەروەها ڕایگەیاند: "هێزە ئەمنییەتییەکان هەڕەشیان لە بنەماڵەکەمان کردووە کە نابێ هەواڵی دەسبەسەریی کەۆمەرس میدیایی بکرێت".

"لەتیفی" داوا لە ڕێکخراوە مافە مرۆییەکان دەکات کە بە هانای بنەماڵەی لەتیفییەوە بچن و گیانی کەیۆمەرس لە مەترسیدایە.

ڕۆژی سێشەممە ٣ی ڕەشەمە، بنەماڵەی "کەیۆمەرس لەتیفی" چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری سنە، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کران و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کرابوو.

ڕۆژی شەممە ٣٠ی ڕێبەندان، هێزە ئەمنییەتییەکان لە ئەنجامی بەدواداچوونی بنەماڵەی کەیۆمەرس لەتیفی بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی ناوبراو، خوشکی ئەو چالاکە مەدەنییەیان بە ناوی "ئارەزوو" دەسبەسەر و پاش لێپرسینەوە ئازادیان کردبوو.

ئارەزوو لەتیفی پاش دەسبەسەرکرانی کورتماوە، بەهۆی نالەباربوونی دۆخی تەندروستی و لێدانی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە، ڕەوانەی نەخۆشخانەی تەوحیدی سنە کرابوو.

ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی ڕێبەندان، "کەیۆمەرس لەتیفی" تەمەن ٤١ ساڵ و خەڵکی سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان دەسبەسەر کرابوو.

کەیۆمەرس چالاکی مەدەنی و وانەبێژی زمانی کوردی بووە و پێشتر ئەندامی ئەنجومەنی مەولەوی لە سنە بووە.

لەتیفی خەرمانانی ٩٨یش بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" دەسبەسەر و ٥ی بەفرانباری هەمان ساڵ بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.