چارەنووسی کرێکارێکی کورد ناڕوونە

16:58 - 5 گەلاوێژ 2716
ئاژانسی کوردپا: کرێکارێکی کورد، خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی شاری سنە، پاش چەند ڕۆژ بێ‌سەر و شوێن‌بوونی، چارەنووسی ناڕوونە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەیی کوردپا، ڕێکەوتی ٣١ی پووشپەڕ، کرێکاری کورد بە ناوی ناسر وەیسی، خەڵکی گوندی \"کۆرکۆرەی\" شاری سنە، کە لە باشووری کوردستان خەرێکی کرێکاری بووه لەکاتی گەڕانەوە بۆ شاری سنە، لە شاری مەریوان بێ‌سەر و شوێن دەبێت.

ناسر تەمەنی ٣٠ ساڵە و شەش ڕۆژ پێش لە شاری مەریوان لە ڕیگای تەلەفوون بنەماڵەکەی ئاگادار دەکاتەوە کە گەڕاوەتە و پاش ئەو تەلەفونە، هەتا ئێستا چارەنووسی ناڕوونە.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی ناسر بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: بنەماڵەکەی پاش تێپەڕینی چەند کاتژمێرێک لە دیارنەبوونی کوڕەکەیان، هێزە ئینتزامییەکان ئاگادار دەکەنەوە، بەڵام ئەو هێزەش پاش یەک ڕۆژ بێ‌ئاگایی خۆیان لە مەڕ چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە دەردەبڕن.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستە ڕوو،بنەماڵەکەی لەو باوەڕەدان کە کوڕەکەیان لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە.

پێشتر هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری سنە، چەند جارێک ئەو هاووڵاتییە کرێکارەیان بانگهێشتی ئەو ئیدارەیە کردبوو.

لە مانگی بەفرانباری ساڵی ٩٤ی هەتاوی، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە ناسریان بە تاوانی هاوکاری لە بەرژەوەندی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر کردووە.
تاکوو ئێستا پاڵنەری هێزەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بۆ گرتنی هاووڵاتییانی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و هەروەها تۆمەتی وەپاڵدراو، ڕاپۆرتێکی ورد لەو پێوەندییەدا لەبەر دەستدا نیە.

بەپشت بەستن بە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا، زیاتر لە ٤٠ هاووڵاتیی کورد دەستبەسەر و چارەنووسیان بە ناڕوونی ماوەتەوە.