چارەنووسی ژنه هاووڵاتییەکی کورد ناڕوونه

21:35 - 6 رەزبەر 2717
ئاژانسی کوردپا: پاش سێ ڕۆژ لە دەستبەسەر کردنی ژنە هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی شاری مەهاباد لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئەو شارەوە، هەتا ئێستا چارەنووسی ئەو ژنە هاووڵاتییە ناڕوونە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ژنە هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی شاری مەهاباد بە ناوی \"ڕووناک ئاقایی\" پاش سێ ڕۆژ لە دەستبەسەر کرانی لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری مەهابادەوە چارەنووسی ناڕوونە.

یەکێک لە نزیکەکانی بنەماڵەی ڕووناک ئاقایی لە پەیوەندییەکی کورتی تەلەفوونیدا لەگەڵ ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: \"سەرەڕای بەداوداچوونی بنەماڵە و کەس و کاری ئەو ژنە هاووڵاتییە کوردە، هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری مەهاباد لە دانی زانیاری لە چارەنووسی ڕووناک خۆیان دەبوێرن\".

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، پاش چەند جارێک بنەماڵەی ڕووناک ئاقایی سەردانی ناوەندە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتییان کردبوو، سەرئەنجام هێزە ئیتلاعاتییەکان بەو بنەماڵەیە ڕادەگەیەنن، کە ئەو ژنە هاووڵاتییەک کورد بۆ زیندانی ورمێ گواستراوتەوە.

ئەوە سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی بۆ ئاژانسی کوردپا، خستەڕوو، تەنانەت بنەماڵەی ئاقایی ویستوویانە پارێزە بۆ ڕووناک بگرن، بەڵام هێزە ئیتلاعاتییەکان پێیان ڕاگەیاندوون کە هەتا کاتی دادگایی کردن نە ئیزنی چاوپێکەوتنیان پێی دەدرێت و نە ئیزنی گرتنی پارێزەریان هەیە.

ئەوە سەرچاوەیەش هەروەها باسی ئەوەی کرد کە، هێزە ئیتلاعاتییەکان بە هەڵە زانیارییەکان لە سەر ڕووناک ئاقایی بە بنەماڵەکەیان دەڵێن جارێک لە گرتووخانەی شاری مەهاباد دایە و جارێک دەڵێن بۆ زیندانی ورمێ ڕاگوێزراوە.

هێزە ئیتلاعاتییەکان لە شاری مەهاباد ڕۆژی سێشەممە ڕووناک ئاقایی بە تۆمەتی بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان لە شایی و خۆشی هاووڵاتییانی کورد لە پرۆسەی سەرکەوتنی ڕێفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەستبەسەر کردبوو.

سەرەڕای هەوڵی هاووڵاتییانی خەڵکی شاری مەهاباد، هێزە ئیتلاعاتییەکان و سپای پاسدران بە چاو و دەستبەستراوەیی ئەو ژنە کوردەیان دەستبەسەر و لەگەڵ خۆیان بردبوویان.