چارەنووسی چوار هاووڵاتیی کورد لە زیندانی بۆکان ناڕوونە

17:21 - 12 خاکەلێوه 2720

چوار هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "محەممەد ئەلیاسی"، "هیوا قوربانی ئەقەدەم" کوڕی "ڕەحیم" خەڵکی گوندی "قەرەگۆل"، "مەنسوور شارەبان" خەڵکی برایم ئاباد و "هەژار عەباسی" خەڵکی گوندی "گوێگجەلیـ"ـی بۆکان، نزیکەی ١٣ مانگە چارەنووسیان ناڕوونە.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی ڕێبەندان ٩٨، ئەم هاووڵاتییانە لە زیندانی ناوەندیی مەهاباد، ڕەوانەی زیندانی بۆکان کراونەتەوە و هەتا ئێستا دادگایی نەکراون.

ناڕوونیی چارەنووسی ئەو ٤ هاووڵاتییە کوردە لە زیندانی بۆکان، سەرەڕای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، نیگەرانیی بنەماڵەکانیانی لێکەوتووەتەوە.

ڕۆژی شەممە ١٨ی خاکەلێوە ٩٨، "محەممەد ئەلیاسی" و "هیوا قوربانی ئەقدەم" بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون.

"مەنسوور شارەبان" و "هەژار عەباسی"یش، بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" دەسبەسەر کرابوون.