چارەنووسی چالاکێکی ژینگەیی پاش دەسبەسەربوونی هەروا ناڕوونە

11:17 - 24 سەرماوەز 2721

لە چارەنووسی چالاکێکی ژینگەیی بە ناوی "نەوید کۆنەپۆشی"، خەڵکی مەریوان کە ڕێکەوتی ٩ی خەزەڵوەری ئەمساڵ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا، زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سەرەڕای بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ئەو چالاکە کوردە بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی ناوبراو، هێزە ئەمنییەتییەکان لە دانی هەر جۆرە وڵامێکی ڕوون لەم بارەیەوە خۆ دەبوێرن.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها وتی: "هێزە ئەمنییەتییەکان هەتا ئێستا هۆکاری دەسبەسەرکردنی نەوید کۆنەپۆشییان ڕوون نەکردووەتەوە و ناوبراو لە ماوەی دەسبەسەربوونیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە".

ڕۆژی یەکشەممە ٩ی خەزەڵوەر، ئەو چالاکە کوردە بەبێ نیشاندانی بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ لێپرسینەوەکەی ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە سنە کرا.

نەوید کۆنەپۆشی تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی گوندی "ڕەشەدێ" سەر بە مەریوان و ئەندامی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوانە.

ناوبراو پیشینەی ١٠ ساڵ چالاکی لە ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوانی هەیە.