چارەنووسی چالاکێکی ژینگەپارێزی کورد لە ئیتلاعاتی ورمێ ناڕوونە

19:43 - 10 سەرماوەز 2714
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە چالاکانی مەدەنیی کورد لە شاری مەهاباد، پاش زیاتر لە یەک حەفتە لە دەستبەسەرکرانی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە، هەتا لە دەستبەسەریدا ماوەتەوەو ئازاد نەکراوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، خەبات مەنگوڕی بەرپرسی ئەنجومەنی پاراستنی ژینگەی مەهاباد و یەکێک لە چالاکانی مەدەنی و ژینگەپارێزیی کورد لە شاری مەهاباد پاش ٩ رۆژ لە دەستبەسەرکرانی هێشتا چارەنووسی نادیارە.

خەبات مەنگوڕی تەمەن ٣٠ ساڵ و کوڕی سلێمان، لەلایەن هیزە ئیتلاعاتییەکانەوە بە بیانووی بەشداریکردن لە ناڕەزایەتی دەربڕین بە راپرسییەکی دەنگ ورەنگی مەهاباد لەمەڕ سووکایەتی کردن بە حەسەن زیرەک هونەرمەندی کورد، دەستبەسەر کراوە.

\"23404.jpg\"
خەبات مەنگوڕی: بەرپرسی ئەنجومەنی پاراستنی ژینگەی مەهاباد
ئەو چالاکە ژینگەپارێزییە، کە لەلایەن هێزەکانی سەربە حیفازەت ئیتلاعاتی شاری مەهابادەوە دەستبەسەر کرابو ، دەستبەسجێ رەوانەی ناوەندە ئەمنییەکانی ورمێ کرابوو.

لە درێژەی رەوتی دەستبەسەرکرانی چالاکانی مەدەنیی کورد لە شاری مەهاباد، سۆران یاهوو، هاوڕێ لەگەڵ کامیار نازمی دەستبەسەر کرابوون.

هەتا ئێستا هۆکاری دەستبەسەرکران و تۆمەتی وەپاڵدراوی ئه‌و چالاکە کوردە بە فەرمی روون نەبۆتەوە، بەڵام دەگوترێ کە ناوبراو بە \"هه‌وڵدان به دژی ته‌ناهی نه‌ته‌وه‌ی\" تۆمەتبار کراوە.

دوابەدوای راپرسییەکی ناوەندی دەنگ ورەنگی مەهاباد کە تیایدا حەسەن زیرەک لەگەڵ دوو گۆرانیبێژی فارس خرابوویە راپرسییەوەکەوە، چالاکانی مەدەنی و هونەرمەندانی کوردستان ناڕەزایەتیان بەو کارە دەربڕی و بە سووکایەتیی ئاشکرا بە حەسەن زیرەکیان لە قەڵەم دا.