چارەنووسی هاووڵاتییەكی كورد لە مەریوان ناڕوونە

12:50 - 6 بەفرانبار 2711
كوردپا: دوای پازدە رۆژ لە گیرانی هاووڵاتییەكەی كوردی خەڵكی مەریوان لەلایەن هێزەكانی حیفازەتی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە، هەتا ئێستا زانیارییەك لەبارەی چارەنووسی لەبەر دەستدا نیە.

بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا لە مەریوان، بەهمەن باوەر كوڕی فایەق و خەڵكی گوندی \"شانشین\"ی سەر بە شاری مەریوان نزیك بە 15 رۆژ لەمەوبەر لەلایەن لیباس شەخسییەكانی حیفازەت ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر كراوە.

بەپێی هەمان هەواڵ، بەهمەن باوەر پاش قۆڵبەست كرانی بۆ گرتنگەی حیفازەت ئیتلاعاتی شاری سنە گوێزراوەتەوە.

بنەماڵەی ئەو هاووڵاتیە كوردە هەتا ئێستا چەندین جار بە مەبەستی دیار و چاوپێكەوتن لەگەڵ كوڕەكەیان سەردانی ناوەندە نیزامی- ئەمنیەتییەكانیان كردووە، بەڵام ئیزنی چاوپێكەوتنیان پێنەدراوە و هەتا ئێستا لە هۆكاری گیرانیشی هەواڵێك لەبەر دەستدا نیە.