چارەنووسی هاووڵاتییەکی کورد ناڕوونە

14:26 - 30 سەرماوەز 2712
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتیەکی خەڵکی شاری مەهاباد لە پاش دەستبەسەر کرانی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە چارەنووسی نادیارە.

بەپێێ هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رێکەوتی ٢٦ی سەرماوەز هاووڵاتییەکی کورد بەناوی \"حەسەن مەلاک\" خەڵکی شاری مەهاباد، لە رێگەی تەلەفۆنەوە بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە کراوە و پاش خۆ ناساندان بە ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەریان کردووە.

\"10312.jpg\"
حەسەن مەلاک
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: رێکەوتی ٢٩ی سەرماوەز کوڕێکی ئەو هاووڵاتییە بەناوی \"هیوا مەلاک\" بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات کراوە و پاش چەند سەعات لێکۆڵینەوە، ئازاد کراوە.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشدا کە هەتا ئێستا وێڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکەی هیچ زانیارییەک لەمەڕ هۆکاری دەستبەسەر کران و شوێنی راگیرانی ئەو هاووڵاتییە لەبەر دەستدا نییە.

حەسەن مەلاک لەماوەی ساڵەکانی ٦٩ هەتا ٧٨ لە ژێر چاوەدێری ئیدارەی ئیتلاعاتدا بووە و لەو ماوەیەدا بەردەوام لێپرسینەوەی لێکراوە و ساڵی ١٣٧٠ بۆ ماوەی ٣ ساڵ بۆ شاری میاندواو دوور خراوەتەوە.