چارەنووسی هاووڵاتییەکی کورد لە ژووری تاکەکەسیی گرتووخانەی سنە ناڕوونە

16:13 - 8 خاکەلێوه 2718
ئاژانسی کوردپا: سەرەڕای تێپەڕبوونی چوار مانگ بەسەر دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری مەریوان، هێشتا لە بوونی پارێزەر بێبەرییە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"تەحسین دادڕەس\" خەڵکی گوندی \"سەردۆشـ\"ـی شاری مەریوان، پاش چوار مانگ لە دەستبەسەرکردنی ناوبراو، کە لە ژووی تاکەکەسیی گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە ڕاگیراوە، بەڵام هێشتا لە بوونی پارێزەر بێبەرییە.

بە وتەی یەکێک لە نزیکانی ئەو هاووڵاتییە کوردە، بنەماڵەی ناوبراو لەو ماوەیەدا، کە تەحسین دەسبەسەر کراوە، تەنیا جارێک ئەو بنەماڵەیە توانیانە چاویان بە کوڕەکەیان بکەوێت.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: هێزە ئیتلاعاتییەکان، لە دانی هەر جۆرە زانیارییەک سەبارەت بە چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە کوردە بە بنەماڵەکەی خۆ دەبوێرن.

ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی سەرماوەزی ساڵی ڕابردوو، تەحسین دادڕەس لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش حەوتوویەک لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەریوان بۆ ئێداری ئیتلاعاتی شاری سنە گوازرایەوە.