چارەنووسی هاووڵاتییەکی مەریوانی پاش دەسبەسەرکرانی ناڕوونە

11:37 - 17 سەرماوەز 2719

ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی مەریوان، پاش دەسبەسەرکرانی، چارەنووسی ناڕوونە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "بەختیار ڕەحیمی"، خەڵکی مەریوان، پاش دەسبەسەر کرانی، هیچ زانیارییەک سەبارەت بە چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە کوردە چەندین جار بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی بەختیار ڕەحیمی، سەردانی ناوەندەکانی ئیتلاعاتیان کردووە و بەدواداچوونەکانی ئەو بنەماڵەیە بێئاکام بووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، ناڕوونیی چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە کوردە نیگەرانیی بنەماڵەکەی لێکەوتووەتەوە.

ڕۆژی چوارشەممە، ٦ی سەرماوەز، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "بەختیار ڕەحیمی"، خەڵکی مەریوان، لە شوێنی کارەکەی خۆی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

"بەختیار ڕەحیمی" کە تووشی نەخۆشیی دڵ و گورچیلەیە، لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدایە و دەوا و دەرمان دەخوات.