چارەنووسی هاووڵاتییەکی مەریوانی ناڕوونە

16:15 - 12 گەلاوێژ 2719
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری مەریوان، پاش ١٤ ڕۆژ لە دەسبەسەرکردنی، چارەنووسی ناڕوونە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چارەنووسی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"عەبدوڵڵا وەیسی\"، تەمەن ٤٤ ساڵ، خەڵکی گوندی \"گوڵچێر\"ی شاری مەریوان، کە ڕۆژی ٢٩ی پووشپەڕی ئەمساڵ لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو، ناڕوونە.

یەکێک لە نزیکانی ئەم هاووڵاتییە کوردە، بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: \"هێزە ئیتلاعاتییەکان، پاش دەسبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە کوردە، ناوبراویان بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواستووە و لە دانی هەر جۆرە زانیارییەک بە بنەماڵەکەی خۆدەبوێرن\".

ئەم سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند: \"هەتا ئێستا بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە کوردە بۆ ئاگاداربوون لە شوێنی ڕاگیران و هۆکاری دەسبەسەرکردنی، بێ‌ئاکام ماوەتەوە\".

ئەم هاووڵاتییە کوردە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، \"پارێزەر\"ی نەبووە و هێزە ئیتلاعاتییەکان، \"عەبدوڵڵا وەیسیـ\"ـان لە گرتنی پارێزەر بێبەری کردووە.