چارەنووسی هاووڵاتییەکی مەریوان پاش دەستبەسەر کرانی ناڕوونە

16:19 - 30 خەرمانان 2717
ئاژانسی کوردپا: لە چارەنووسی هاووڵاتییەکی مەریوان پاش دەستبەسەر کرانی، هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هاووڵاتییەکی کورد، خەڵکی شاری مەریوان پاش ١٠ ڕۆژ لە دەستبەسەر کرانی لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی سەر بە حیفازەت ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ئەو شارەوە چارەنووسی ناڕوونە.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری مەریوان شوناسی ئەو هاووڵاتییە کوردەی بە \"سەعدی محەممەدی\" کوڕی باقر خەڵکی گوندی \"چۆڕ\" ڕاگەیاندووە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە تەمەن ٣٥ ساڵە بە تۆمەتی \"لایەنگەری و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئێران\" لە لایەن حیفازەت ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراوە.
ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: بنەماڵەی محەممەدی پاش ١٠ ڕۆژ، لە دەستبەسەر کرانی کوڕەکەیان لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتییەوە ئاگادار بوونەتەوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لە مەڕ چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی ئەو هاووڵاتییە کوردە هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.
ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی خەرمانان، هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئێران، بە هێرش کردنە سەر ماڵی سێ لاوی کوردی دانیشتووی شاری دێگولان ئەو سێ لاوەیان دەسبەسەر کرد.

هەواڵنێری کوردپا لە دێگولان، شوناسی ئەم سێ لاوە دەسبەسەر کراوەی بەم شێوە ڕاگەیاند: \"ئازاد نادری\"، یەدوڵڵا شاکری\" و \"سیروان ڕەحیمی\".
بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، ئەو سێ لاوە کوردە بە تۆمەتی \"هاوکاری کردن لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیون حکوومەتی ئێران\" دەستبەسەر کراون.