چارەنووسی هاووڵاتییەکی سەقزی ناڕوونە

13:35 - 22 رەزبەر 2716
ئاژانسی کوردپا: لە چارەنووس و دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری سەقز هیچ زانیارییەک لەبەردەستدا نیه.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە چارەنووسی چالاکێکی مەدەنیی خەڵکی شاری سەقز بە ناوی \"ئاسۆ ڕەمەزانزاده\" کوڕی \"عومەر\"، هیچ زانیاریەک لەبەردەستدا نیه و چارەنووسی تا ئێستا ناڕوونە.

ئاسۆ لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی حکومەتی ئێران لەو شارە، دەستبەسەر کراوە.

ئەو چالاکە مەدەنییە ساڵی ١٣٦٦ی هەتاوی لەدایک بووە. ناوبراو سەرەتای مانگی خەرمانانی ئەمساڵ لە لایەن هێزە لیباس شەخسییەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوازراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەوبارەیەوە ڕایگەیاندووه کە؛ بنەماڵەی ئاسۆ ڕەمەزانزاده تا ئێستا لە شوێنی ڕاگرتنی کوڕەکەیان ئاگادر نین و سەرەڕای بەدواداچوونیان، لە ئۆرگانە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە هیچ وەڵامێکیان پێ نەدراوەتەوە.

کانوونی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە کە؛ رەمەزانزادە لە کاتی دەستبەسەرکرانی‌دا لە لایەن هێزە لیباس شەخسییەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە بێ‌ڕێزی پێ‌کراوە.

تاکوو ئێستا لە هۆکارەکانی پاڵنەری هێزەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەپێوەندی لەگەڵ گرتنی هاووڵاتییانی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و هەروەها تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی ئەو هاووڵاتییانە، ڕاپۆرت یان زانیارییەکی ورد لەبەردەستدا نیە.

بە پشتبەستن بە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی ڕابردوودا، دەیان هاووڵاتیی کورد دەستبەسەر و چارەنووسیان بە ناڕوونی ماوەتەوە.