چارەنووسی هاووڵاتییەکی دەستبەسەرکراو ناڕوونە

14:20 - 25 رەشەمه 2716
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئەمنییەکانی پیرانشار لەپاش دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی کورد، بۆ شوێنێکی نادیار گواستوویانەتەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، یەکێک لە دانیشتووانی پیرانشار لە پارێزگای ورمێ، لەلایەن هێزێکی ئەمنیی سەربە سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرا.

هەواڵی دەستبەسەرکردنی \"ڕەسووڵ سوڵتانی ئازەر\" تەمەن ٥٠ ساڵان، لە کۆتایی حەتووی ڕابردوودا بووە.

هەواڵنێری کوردپا پشتڕاستی کردەوە کە؛ سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە کوردە کە گۆیا دەستبەجێ گواستوویانەتەوە بۆ ورمێ، لە هۆکاری دەستبەسەرکردنەکە و شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو ئاگادار نین و زانیارییەکی ورد لەو پێوەندییەدا لەبەردەستدا نییە.

ڕاپۆرتی گەیشتوو دەنووسێ؛ سوڵتانی ئازەر خەڵکی گوندی \"زەنگێیاوێ\"ـی پیرانشارە کە لەم ساڵانەی دواییدا بە چەندین جار لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بانگهێشت و لێپرسینەوەی لێ کراوە.

پێشتریش ڕاپۆرت هاتبوو کە؛ ڕۆژی هەینی ٢٠ی ڕەشەمە، مەئموورە ئەمنیەتییەکان، لە شاری پیرانشار هێرشیان کردە سەر دووکانی وێنەگریی\"نایس\"، و خاوەن دووکانەکەیان بەناوی \"سەعید ئەحمەدی\" دەستبەسەر کردووە.

یەکێک لە دانیشتووانی پیرانشار باسی لە دەستبەسەرکرانی چەندین هاووڵاتیی دیکەش کرد، کە هەواڵدەریی کوردپا شوناسی ئەوانی بۆ نەسلمێنراوە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کرا لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە دەستپێکی ساڵی نوێی زایینی(٢٠١٧) لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا، زیاتر لە ٥٩ هاووڵاتیی کورد لە لایەن ‌ناوەندە ئەمنیەتییەکان لە کوردستان دەستبەسەر کراون، کە لە زۆربەی تۆمەتە وەپاڵدەراوەکان بەو ئەو هاووڵاتییانە، لە کاتی دەستبەسەرکردنیاندا ناڕوونە.

لینکی پەیوەندیدار:
ئیتلاعاتی پیرانشار لاوێکی دەستبەسەر کرد