چارەنووسی ١٢ هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی کورد ناڕوونە

13:31 - 15 رێبەندان 2717
ئاژانسی کوردپا: چارەنووسی ١٢ هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی کورد خەڵکی شاری شنۆ، پاش دەسبەسەر کردنیان لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە، ناڕوونە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی ١٢ هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی کورد خەڵکی شاری شنۆ، هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە و هێزە ئیتلاعاتییەکانیش لە دانی هەر جۆرە زانیارییەک لەمەڕ چارەنووسی ئەو هاووڵاتییانە بە بنەماڵەکەیان خۆدەبوێرن.

شوناسی ئەو هاووڵاتییانە کە خەڵکی شاری شنۆ و گوندەکانی دەورووبەری ئەو شارەن بەم چەشنەی خوارەوەیە:

شەفیع فەقیزادە خەڵکی گوندی تاچیناوێ، محەممەد ئەمیری خەڵکی شنۆ، محەممەدئەمین فەزڵی خەڵکی گوندی بێمزورتێ، ڕزگار ئەمینی خەڵکی شنۆ، مەنسوور قادرزادە خەڵکی گوندی ڕەش گوند، محەممەد سوورە خەڵکی گوندی ڕەش گوند، یوونس شەریفی خەڵکی شنۆ، محەممەد فەرزاد خەڵکی گوندی خورشت، محەممەد مەحموودتاش خەڵکی گوندی خورشت، حامید زەریفە خەڵکی گوندی خورشت، فەتاح عەلی‌کورد خەڵکی گوندی نەرزیوێ و مامەند عەلی‌کورد خەڵکی گوندی نەرزیوێ.

ئەم ١٢ هاووڵاتییە کوردە لە سەرەتای ئەم مانگە(ڕێبەندان)، لەلایەن حیفازەت ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی شاری شنۆوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.

ئەو ناوەندە ئیتلاعاتییە، ئەم ١٢ هاووڵاتییە کوردەی بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە دژبەرەکانی حکوومەتی ئێران\" تاوانبار و دەسبەسەر کردووە.