چارەنووسی مامۆستایەکی کورد ناڕوونە

21:06 - 21 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: سەرەڕای تێپەڕینی یەک حەوتوو بە سەر دەسبەسەر کرانی مامۆستایەکی کوردی خەڵکی شاری سەقز، هیچ زانیارییەک لە چارەنووسی ناوبراو لە بەردەستدا نییە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرەڕای تێپەڕینی حەوتوویەک بە سەر دەسبەسەر کرانی مامۆستایەک بە ناوی \"محەممەد ساڵح شەکەری\" خەڵکی شاری سەقز، هیچ زانیارییەک لە مەڕ چارەنووسی ناوبراو لە بەردەستدا نییە و ئەمەش نیگەرانیی بنەماڵەکەی لێکەوتووتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکەی بۆ ئاگادار بوون لە چارەنووسی ناوبراو، هێزە ئیتلاعاتییەکان لە دانی هەر جۆرە زانیارییەک بەو بنەماڵەیە سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی، خۆیان دەبوێرن.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: یەکێک لە خوشکەزاکانی محەممەد ساڵح شەکەری لە شاری سەقز لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش گواستنەوەی بۆ ئیدارەی ئیتلاعات، ئازار و ئەشکەنجە دراوە.

ئەو سەرچاوەیە جەختی کردەوە کە، شیمانەی ئەوە دەکرێت ئەو مامۆستا کورد بە تۆمەتی ناڕەزایەتی دەربڕین سەبارەت بە بارودۆخی نالەباری بارهێنان لە ئێران لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرابێت.

شەوی یەکشەممە ١٥ی ڕەزبەر، کاتژمێر ١١، هێزە ئیتلاعاتییەکانی سەر بە ئێدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقز، هێرشیان کردە سەر ماڵی مامۆستایەکی کورد بە ناوی \"محەممەدساڵح شەکەری\" و ناوبراویان دەسبەسەر کردووە.

ئەم هاووڵاتییە کوردە پێشتر لە ساڵی ٨٨ی هەتاوی، بە تۆمەتی \"ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران\"، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.