چارەنووسی مامۆستایەکی دەستبەسەرکراوی کورد، ناڕوونە

14:46 - 13 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: شۆرای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوی سێنفیی فەهەنگیانی ئێران، ناڕوونی جارەنووسی مامۆستایەکی دەستبەسەرکراوی کوردی خەڵکی ساری دیواندەرەی ڕاگەیاند.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چارەنووسی \"ئومید شامحەممەدی\"، مامۆستای دەستبەسەرکراوی خەڵکی شاری دیواندەرە کە ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتی٢١ی خەزەڵوەر، ڕۆژێک پێش لە مانگرتنی مامۆستایان دەستبەسەرکراوە، ناڕوونە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ناڕوونی چارەنووسی ئەم مامۆستا دەستبەسەرکراوە و نادیاربوونی دۆخی ئەو نیگەرانیی بنەماڵە و ڕێکخراوە سێنفییەکانی بەدواوە بووە.

ئەم سەرچاوەیە ئەوەشی زیاد کردووە: کە ٢٣ ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانی ئەم مامۆستایە تێپەڕ دەبێت و سەرەڕای دیاریکردنی کات بۆ ئازاد کردنی مامۆستا دەستبەسەرکراوەکان لە لایەن شۆرای هاواهەنگیی ڕێکخراوی سێنفیی فەهەنگیانی ئێرانەوە، تاکوو ئێستا ناوەندە ئیتلاعاتییەکان ئەم مامۆستا کوردەیان ئازاد نەکردووە.

ڕۆژی دووشەممە، ٢١ی خەزەڵوەر، ڕۆژێک پێش لە مانگرتنە گشتییەکەی مامۆستایان، هێزە ئیتلاعاتییەکان هێرشیان کردووەتە سەر خانووی ئومید شامحەممەدی و دەستبەسەریان کردووە.

ئەم مامۆستا کوردە، پاش دەستبەسەرکران گوازراوەتەوە بۆ گرتووخانەی قەرارگای شەهرامفەری شاری سنە و ئێستا لە ژێر لێپرسینەوەدایە.

ئومید شامحەممەدی خاوەنی کتێبفرۆشیی \"زانکۆ\" لە شاری دیواندەرەیە که بە مەبەستی چالاک کردنەوەی لقی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان هاوکات لە گەڵ چەند مامۆستایەکی دیکە لە دیواندەرە، لە گەڵ چالاکانی سێنفیی مامۆستایانی شاری سەقز چاوپێکەوتنی هەبووە.