چارەنووسی مامۆستایەکی ئایینیی کورد پاش مانگێک ناڕوونە

11:40 - 19 خەرمانان 2720

چارەنووسی مامۆستایەکی کورد بە ناوی "فایەق شەریعەت‌ پەنا" کوڕی "نەجمەدین"، تەمەن ٣٥ ساڵە و پێشنوێژی هەینیی گوندی "حاجی‌ئاوا"ی ناوچەی چۆمی مەجیدخانی بۆکان، پاش مانگێک لە دەسبەسەرکرانی، ناڕوونە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بنەماڵەی ئەو مامۆستا ئایینییە چەندین جار بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی ناوبراو، سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکانیان کردووە و هێزە ئەمنییەتییەکان پێیان ڕاگەیاندووە کە "فایەق شەریعەت ‌‌پەنا" بۆ لێکۆڵینەوە ڕەوانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ کراوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، ئەو مامۆستا ئایینییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، تەنیا جارێک پەیوەندیی تەلەفۆنیی لەگەڵ بنەماڵەکەی هەبووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: "فایەق شەریعەت ‌پەنا لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە".

ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی گەلاوێژ، هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی ئەو مامۆستا ئایینییەیان دەسبەسەر و دواتر ماڵەکەیان پشکنیبوو.

ئەو مامۆستا ئایینییە بەهۆی ڕەخنەگرتن لە حکوومەتی ئێران لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە. هێزە ئەمنییەتییەکان پاش پشکنینی ماڵی ئەو مامۆستا ئایینییە، هەندیک کەرەستەی کەسیی ناوبراو و کتێبەکانیان لەگەڵ خۆیان بردووە.

هاوکات لەگەڵ دەسبەسەرکردنی "فایەق شەریعەت ‌پەنا"، براکەی بە ناوی "تۆفیق شەریعەت ‌پەنا" دەسبەسەر و پاش چەند کاتژمێر ئازاد کرابوو.