چارەنووسی مامۆستایەکی ئایینی پاش ١٢ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی ناڕوونە

17:37 - 27 پووشپەڕ 2722

پاش ١٢ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی مامۆستا "مەلا یوونس نەوخا" خەڵکی شاری پیرانشار لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە، هەتا ئێستا چارەنووسی ناوبراو ناڕوونە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە کوردپای ڕاگەیاند: "مەلا یوونس نەوخا کە لە ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ی پووشپەڕەوە دەسبەسەر کراوە، لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ ڕاگیراوە و چارەنووسی ناڕوونە".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: "ئەو مامۆستا ئایینییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێوە لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماکەی بێبەری کراوە".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: "سەرەڕای ئەوەیکە بنەماڵەی نەوخا سەردانی ناوەندە ئەمنییەتی و دادوەرییەکانی ورمێیان کردووە، ئەو ناوەندانە لە دانی هەر جۆرە زانیارییەک لەمەڕ چارەنووسی ئەو مامۆستا ئایینییە خۆیان بواردووە".

ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ی پووشپەڕ، هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی ئەو مامۆستا ئایینییەیان دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانە گرتنگەی ئەمنییەتیی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ کردبوو.

مەلا یوونس نەوخا، بەهۆی ڕەخنەگرتن لە حکوومەت دەسبەسەر کرابوو. ناوبراو لە مامۆستایانی قوتابخانەی زانستی دینیی سەلاحەدینی ئەیووبیی شاری پیرانشارە.