چارەنووسی لاوێکی خەڵکی سنە ناڕوونە

14:34 - 26 رێبەندان 2718
ئاژانسی کوردپا: پاش تێپەڕبوونی ٢٥ ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانی لاوێکی کوردی خەڵکی شاری سنه، چارەنووسی ناوبراو هێشتا نادیارە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو به ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لاوێکی کورد به ناوی مێهران محەممەدی، خەڵکی گوندی بزلانه سەر به شاری سنه، که ڕۆژی دووشەممە، ١ی ڕێبەندان دەستبەسەر کراوە، هێشتا لە دەستبەسەریدایە.

به وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم لاوە کوردە لە کاتی دەستبەسەرکرانیەوە تاکوو ئێستا، لەژێر لێپرسینەوەدایە و هیچ هەواڵێک لەمەڕ چارەنووسی لە بەر دەستدا نییە.

ئەم سەرچاوە هەروەها ڕایگەیاند: ئەم لاوە کوردە لە دەستپیڕاگەیشتن به پارێزەر بێبەرییە و تاکوو ئێستا دەزگای قەزایی ئیزنی ئازادیی کاتیی ئەم لاوە کوردەی نەداوە.

مێهران محەممەدی ڕۆژی دووشەممە، ١ی ڕێبەندان به تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران لە گەڕەکی \"عەباساوا\"ی شاری سنه دەستبەسەر کرابوو.