چارەنووسی سێ چالاکی سێنفیی مامۆستایانی مەریوان ناڕوونە

12:37 - 2 جۆزەردان 2722

شەعبان محەممەدی، ئەسکەندەرلوتفی و مەسعوود نیکخا لە ئەندامانی هەیئەتی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان- مەریوان، هەروەها دەسبەسەرن و لە چارەنووسیان زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، شەعبان محەممەدی پاش دەسبەسەرکرانی، ڕۆژی هەینی ٣٠ی بانەمەڕ پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی پێنج خولەکیی لەگەڵ بنەماڵەکەی هەبووە و مەسعوود نیکخا، لە نۆ ڕۆژ پێش ئێستاوە هیچ جۆرە پەیوەندییەکی لەگەڵ بنەماڵەکەی نەبووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: "ئەسکەندەر لوتفی پاش ١٥ ڕۆژ هیچ جۆرە پەیوەندییەکی لەگەڵ دەرەوەی زیندان نەبووە و ڕۆژی یەکشەممە ١ی جۆزەردان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ بنەماڵەکەی هەبووە و لە ژووری تاکەکەسیی ئیتلاعاتی سپای پاسداران زۆرترین گوشاری ڕۆحی لەسەر بووە".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: "دادستانی مەریوان و لێپرسی دۆسیەی ئەو سێ چالاکە سێنفییە هەتا ئێستا وڵامێکی ڕوونیان لەمەڕ تۆمەتی ‌وەپاڵدراو و چارەنووسی ئەو سێ چالاکە سێنفییە بە بنەماڵەکانیان نەداوەتەوە".

پاش دەسبەسەرکردنی ئەو سێ چالاکە سێنفییە، "فرانت لاین دیفێندێرز" وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی خۆی لەمەڕ دەسبەسەرکردنی خۆسەرانه‌ی شەعبان محەممەدی، ئەسکەندەر لوتفی و مەسعوود نیکخا لە ئەندامانی هەیئەتی بەڕێوەبەریی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان - مەریوان، خوازیاری ئازادبوونی دەسبەجێ و بێ مەرجی ئەوان بوو.