چارەنووسی زیندانییەکی شنۆیی پاش ساڵێک زیندانی، ناڕوونە

11:26 - 7 خەزەڵوەر 2719

ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری شنۆ، ماوەی ساڵێکە لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێدایە و چارەنووسی ناڕوونە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "سەلام مەردانی"، تەمەن ٢٨ ساڵ، کوڕی "خالید"، خەڵکی گوندی "سەوجە"ی شاری شنۆ، لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێدا، چارەنووسی ناڕوونە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، تۆمەتی وەپاڵدراوی ئەو هاووڵاتییە کوردە "ئەمنییەتیـ"ـیە و هەتا ئێستا کۆبوونەوەی پێڕاگەیاندنی تاوانەکەی بەڕێوەنەچووە.

ئەو سەرچاوەیە ڕایگەیاند: "وەزارەتی ئیتلاعات پێشی بە ئازادکردنی کاتیی ئەو هاووڵاتییە کوردە بە دانانی بارمتە، گرتووە."

هێزە ئیتلاعاتییەکان، ڕۆژی ٨ی خەزەڵوەری ساڵی ٩٧، ئەو هاووڵاتییە کوردەیان لە شوێنی کارەکەی خۆی دەسبەسەر کردووە و ناوبراو بۆ یەکەمجار توانیویەتی لە ڕۆژی دووشەممە، ٣ی بەفرانباری ساڵی ٩٧دا، بۆ ماوەی ١٠ خولەک چاوی بە بنەماڵەکەی بکەوێت.