چارەنووسی زیندانییەک لە زیندانی ئێڤین نادیارە

13:37 - 6 رێبەندان 2716
ئاژانسی کوردپا: \"هادی عەسکەری\"، هاووڵاتییەکی مەسیحیە ، کە بۆ ماوەی ٥ مانگە لە زیندانی ئێڤین‌دا ڕاگیراوە و چارەنووسی نادیارە؛ ئەمە لە کاتێکدایە کە تاکوو ئێستا لە هیچ دادگایەکدا، دادگایی نەکراوە.

بەپێی هەواڵەکان، ناوبراو لەم دواییانە بووەتە پێرەوی ئایینی مەسیحییەت، بە هۆی بەشداری کردنی لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتی مەسیحییەکان، لە ڕێکەوتی ٥ی خەرمانانی ١٣٩٥ هەتاویدا قۆڵبەست کراوە.

\"هادی عەسکەری\"، بۆ ماوەی سێ مانگ لە بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین دا لە ژێر ئەشکەنجە و گوشار و لێکۆڵینەوەی لێکۆڵەراندا بووە و لە ماوەی ٤٧ ڕۆژی یەکەم دا لە هەر چەشنە پەیوەندییەک لەگەڵ بنەماڵەی بێ بەش کراوە.

ئەم زیندانییە کە دواتر بۆ بەندی ٤ی زیندانی ئێڤین گوازراوەتەوە، لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و وەرگرتنی کەرەستەی تاکە کەسی خۆی بێ بەش کراوە.
\"عەسکەری\"، بۆ ماوەی شەش مانگە کە چارەنووسی نادیارە و تاکوو ئێستاش لە لایەن هیچ دادگایەکەوە دادگایی نەکراوە.

شایانی باسە ناوبراو لە ڕێکەوتی ٥ی خەرماناندا لەگەڵ چوار کەس لە هاورێیانی دیکەی بە ناوەکانی \"رامێئێل بێت تەمرز، ئەمین ئەفشار نادری، محەممەد دێهنەوی و ئەمیر سامان دەشتی\"، لە نێو باخێکدا لە فیروزکووه لە کاتی دووعا و ڕێوڕەسمی ئایینی، قۆڵبەست و بۆ زیندانی ئێڤین گوازرانەوە.