چارەنووسی دووهەمین کرێکاری دەستبەسەر کراوی کورد، ناڕوونە

15:49 - 7 گەلاوێژ 2716
ئاژانسی کوردپا: کەمتر لە یەک حەوتوو، هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات، دووهەمین کرێکاری کورد کە لە باشووری کوردستان خەریکی کرێکاری بوو، دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕایانگواست.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ٤ی گەلاوێژ، هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری مەهاباد بە ناوی \"سیامەک دێبوکری\" تەمەن ٢٦ ساڵە و کوڕی تەها، لە لایەن مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەستبەسەر کرا.

ئەو هاووڵاتییە کورد، پاش گەڕانەوەیی لە هەرێمی کوردستان بۆ شاری مەهاباد، سێ کەس کە مائموورانی وەزارەتی ئیتلاعات لە ماڵی کوڕی مامەکەیدا دەستبەسەری دەکەن.

هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات بەبێ بەڵگەی یاسایی سیامەک دێبوکریان دەستبەسەر کردوە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕایانگواستووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هۆکاری دەستبەسەرکردنی ئەوە کرێکارە کوردە لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی شاری مەهابادەوە بە ناڕوونی ماوەتەوە.

ماڵپەڕی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان، لەو باریەوە بڵاوی کردەوە، ئەو هاووڵاتییە تەمەن ٢٦ ساڵە، کە لە شاری سلێمانی لە هەرێمی کوردستان خەریکی کرێکاری بووە، پاش ٢٤ کاتژمێر لە گەڕانەوەیی بۆ شاری مەهاباد دەستبەسەر کراوە.

لە پەیوەندی لەگەڵ دەستبەسەرکردنی کرێکاران، لە هەواڵێکی هاوشێوەی دیکەدا، ڕێکەوتی ٣١ی پووشپەڕ، کرێکارێکی دیکە کورد بە ناوی ناسر وەیسی، خەڵکی گوندی \"کۆرکۆرەی\" شاری سنە، کە لە باشووری کوردستان خەرێکی کرێکاری بووه لەکاتی گەڕانەوە بۆ شاری سنە، لە شاری مەریوان بێ‌سەر و شوێن دەبێت.

هەروەها لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ئیدارەی گشتی ئیتلاعاتی شاری ورمێ، ١٩ هاووڵاتیی دیکەی کوردیان لە چالاکانی مەدەنی و فەرهەنگی شاری پیرانشار دەستبەسەر کردەوە.

بەپشت بەستن بە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا، زیاتر لە ٦٠ هاووڵاتیی کورد دەستبەسەر و چارەنووسیان بە ناڕوونی ماوەتەوە.

لینکی پێوەندیدار:
چارەنووسی کرێکارێکی کورد ناڕوونە