چارەنووسی دوو هاووڵاتیی کورد پاش ٣ ساڵ هێشتا ناڕوونە

12:23 - 12 خەزەڵوەر 2719

ئاژانسی کوردپا: دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری بۆکان، پاش سێ ساڵ دەسبەسەری، هێشتا چارەنووسیان ناڕوونە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوو زیندانیی کورد بە ناوەکانی "جەماڵ یووسفی"، خەڵکی گوندی "موشیرئاوا" و "حوسێن ئیبراهیم حەمزە"، کوڕی "عەبدوڵڵا"، خەڵکی گوندی "قەرەگۆڵ"، سەر بە شاری بۆکان، ماوەی سێ ساڵە چارەنووسیان ناڕوونە.

ئەو دوو زیندانییە کوردە، لە سەرەتای مانگی بەفرانباری ساڵی ٩٧ـەوە بۆ لێپرسینەوە، لە زیندانی بۆکان بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ  و دواتر بۆ زیندانی شاری مەهاباد ڕاگوێزراون.

ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە کە لە گرتووخانەی شاری بۆکان ڕاگیراون، ساڵی ٩٥ بە تۆمەتی "ئەندامبوون و هاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران"، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کراون و لە ماوەی دەستبەسەرکرانیانەوە هەتا ئێستا، لە بوونی "پارێزەر" بێبەرین.

هێزە ئیتلاعاتییەکان بۆ دانپێنانی زۆرەملێی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، ئازار و ئەشکەنجەی ڕۆحی و ڕەوانییانیان داون.