چارەنووسی دوو هاووڵاتیی کورد لە شاری بۆکان ناڕوونە

15:44 - 12 بانەمەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: دوو هاووڵاتیی کورد لە شاری بۆکان کە زیاتر لە سێ مانگە دەستبەسەر کراون، هێشتا چارەنووسیان بە ناڕوونی ماوەتەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سیروان کەماڵی تەمەن ٢٤ ساڵ، خەڵکی شاری بۆکان پاش دەستبەسەر کردنی لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی لەو شارە، هیچ زانیارییەک لە سەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نیە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە لە ڕێکەوتی ٢١ بەرفرانباری ١٣٩٤ی هەتاوی دەستبەسەر وبۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

سەرچاوەیەک بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: پاش دەستبەسەر کردنی سیروان، ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان هەڕەشەیان لە بنەماڵەی ناوبراو کردووە کە بە هیچ شێوەیەک بۆیان نییە سەردانی ئیدارەی ئیتلاعات بکەن بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکەیان.

ئەوە سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، تەنانەت بەرپرسانی ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان بە \"زوڵێخا\" دایکی ئەو هاووڵاتییە زیندانییەیان ڕاگەیاندووە، کوڕەکەت دژە شۆڕش و خرابکارەو ئیتر بۆی نیە سەردانی ئیدارەی ئیتلاعات بکات.

هەر لەو پەیوەندییەدا، هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی بۆکان بە ناوی سامان قادر ئازەر تەمەن ٢٥ ساڵ، ماوەی ١١٠ ڕۆژە لەلایەن مەئموورانی ئیتلاعاتی سپا لەو شارە دەستبەسەرکراوە.

سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی ناوبراو بۆ ئاگاداربوون لە سەر چارەنووسی کوڕەکەکەیان، هەروەها لە هۆکاری دەستبەسەر کردنی ئەو هاووڵاتییە هیچ زانیارییەک لە بەر دەستدا نییە و بەرپرسانی ئیدارەی ئیتلاعات لە دانی هەر جۆرە زانیارییەک لە سەر بانگهێشت و دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییانی کورد خۆیان دەبوێرن.

ساڵی ڕابردوو، ٧٣٤ هاووڵاتیی کورد لە پارێزگا کوردنشینەکانی ئێران دەستبەسەر کراون کە حوکمی زیندانی ٦٣ کەسیان پشتڕاست کراوەتەوە.