چارەنووسی دوو هاووڵاتیی بانەیی لە زیندانی سنە ناڕوونە

12:16 - 26 جۆزەردان 2722

دوو هاووڵاتیی بانەیی بە ناوەکانی "کەریم پزیشکی و سەعید ڕەشیدی" لە زیندانی سنە ڕاگیراون و چارەنووسیان ناڕوونە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیاندا، لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کراون.

 ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: "هەتا ئێستا ناوەندە دادوەری و ئەمنییەتییەکان لە سنە، لەگەڵ ئازادکردنی ئەو دوو هاووڵاتییە بە دانانی بارمتە، ڕەزامەندییان دەرنەبڕیوە".

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٥ی ڕێبەندانی ساڵی ١٤٠٠، ئەو دوو هاووڵاتییە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزران. بەپێی زانیارییەکان، هێزە ئەمنییەتییەکان ئەو ٢ کەسەیان بە هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران تۆمەتبار کردووە.

ڕێکەوتی ٢٠ی خەزەڵوری ساڵی ڕابردوو، ئەو ٢ کەسە بێ هیچ بەڵگەیەکی دادوەری بە بێڕێزی و لێدان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون.

هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی دەسبەسەرکردنیان بێڕێزییان بە بنەماڵەکانیشیان کردبوو. هەروەها کەرەستەی کەسیی ئەوانیشیان لەگەڵ خۆیان بردبوو.

وێنە لە ڕاستەوە بۆ چەپ: سەعید ڕەشیدی و کەریم پزیشکی