چارەنووسی دوو لاوی مەریوانی ناڕوونە

15:36 - 25 پووشپەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: دوای تێبپەڕبوونی یەک مانگ لە دەستبەسەرکرانی دوو لاوی کوردی خەڵکی مەریوان لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە تا ئێستا چارەنووسیان ناڕوونە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمیر ئەرژەنگی کوڕی موختار تەمەن ٢١ ساڵ و باسیت ئەفشار کوڕی ڕەزا تەمەن ١٩ ساڵ کە ماوەی یەک مانگ لەوە پێش دەستبەسەر کرابوون لە گرتنگەی ئیتلاعاتدا ڕاگیراون.

ئەو دوو ڵاوە کوردە خەڵکی گوندی \"نێ\" سەر بە شاری مەریوان ڕێکەوتی ٢٤ی جۆزەردانی ئەمساڵ لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعات دەستبەسەر و بۆ ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگوازراون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، تا ئێستا بنەماڵەی ئەو دوو لاوە کوردە نەیانتوانیوە مەلاقاتیان لەگەڵ منداڵەکانی خۆیان هەبێت.

ئەو دوو لاوەی خەڵکی مەریوان لە لایەن ئیتلاعاتی سپای پاسداران دەستبەسەر و لە چارەنووسیان هیچ زانیارییەک لە بەر دەست‌دا نیه.

لە ئێران ناوەندە جیاوازەکانی ئیتلاعات چالاکی دەکەن و وەزارەتی ئیتلاعات بەشێک لە قەوارەی دەوڵەتە و چەند ناوەندی ئیتلاعاتیی وەک ئیتلاعاتی سپا، حفازەت ئیتلاعاتی سپا و حفازەتی سپا لە ژێر کۆنتڕۆڵی سپادا کار دەکەن.

ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپا \"ڕێکخراوی حفازەتی ئیتلاعاتی سپا\" و \"حفازەتی سپا\" سێ ژێر کۆگەی سپای پاسدارانن کە ئەرکی ئیتلاعاتی ـ ئەمنییەتی دەکەن.