چارەسەری پزیشکی بۆ زیندانییەکی سیاسی کورد ناکرێت

14:18 - 15 سەرماوەز 2716
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسانی گرتووخانەی ناوەندیی شاری سنە لە گواستنەوەی چالاکێکی سیاسی بۆ نەخۆشخانە خۆیان دەبوێرن.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دۆخی جەستەیی هاووڵاتییەکی ٤١ ساڵە بەناوی حسەین دانشمەند لە گرتووخانەی سنە جێگیر نییە.

ناوبراو کۆتاییەکانی مانگی ڕابردوو لەگەڵ حەسەنی برای لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپای کوردستان بۆ ناو گرتووخانەی گشتی گوازراونەتەوە.

هەواڵی گەیشتوو باس لەوە دەکات کە حسەین دانشمەند تووشی بەربوونی خوێن لە گورچیلەی بووە بەڵام بەرپرسانی گرتووخانەی سنە تەنیا حەبی ئازارشکێنی دەدەنێ.

دۆخی گشتی ئەم پیلەوەرەی سەرسنوور کە بە تۆمەتی چالاکیی سیاسی لە کۆتاییەکانی خەرمانانی ئەمساڵ لە مەریوان دەستبەسەر کراوە \"زۆر خەراپ\" ڕاگەیەندراوە.

\"\"
حسەین دانشمەند
لە ئێستادا ئەو هاووڵاتییە لەگەڵ \"حەسەن دانشمەند\"ـی برای بەبێ ڕوونبوونەوەی دۆخیان بە تۆمەتی \"سیاسی\" گیراون و دادگای شۆڕشی شاری سنەش دۆسیەی بۆ پێکهێناون.

هەروەها دوترێت کە ئەوان لە بوونی پارێزەر بێبەش کراون.

حەسەن کە پزیشکە و دانیشتووی تارانە لە مانگی ڕەشەممەی ساڵی ٩٤ لەکاتی سەردانی خزمانی بۆ بانە، هاوکات لەگەڵ حسەین لەلایەن هێزی ئەمنی ئەو شارە دەستبەسەر و پاش چەند حەوتوو لێکۆڵینەوە، بەر دران.

ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە کوردستان بەبێ مۆڵەتی یاسایی هاووڵاتییانی کورد دەستبەسەر و بۆ دەیان ڕۆژ لە ژووری تاکەکەسی ڕایان دەگرن.

ئەو کردەوەی وەزارەتی ئیتلاعات و سپای پاسداران لەکاتێکدایە کە بەپێی یاساش؛ دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییان بۆ ماوەی زیاتر لە ٢٤ کاتژمێر پێویستی بە حوکمی دادگا هەیە.