پەیکەرەی \"وەفایی\" لە شاری مەهاباد ڕوونوێنی کرا

14:00 - 21 سەرماوەز 2716
ئاژانسی کوردپا: پەیکەر تاشێکی دەستڕەنگین، خەڵکی شاری بۆکان، پەیکەرەی وەفایی یەکێک لە شاعیرە ناودارەکانی کوردی لە شاری مەهاباد دروست کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا: ڕۆژی شەممە ٢٠ی سەرماوەز، بە هەوڵی یەکێک لە پەیکەر تاشێکی خەڵکی شاری بۆکان، پەیکەرەی وەفایی شاعیری کوردی لە شاری مەهاباد ڕوونوێنی کرا.

بەرزایی ئەو پەیکەرە سێ میترە و بە تەواوەتی لە بەرد دروست کراوە. ئەو کارە هونەرییە لە سێ‌ڕێیانی وەفایی لە شاری مەهاباد دانرا.

ئەو پەیکەرە لەلایەن پەیکەر تاشێکی بۆکانی بە ناوی \"ڕێبین حەیدەری\"ەوە دروست کراوە.

پێشتریش تەندیسی، مامۆستا هەژار و مامۆستا هێمن شاعێرانی سەردەمی کۆماری کوردستان، محەممەد قازی نووسەر و وەرگێڕی کورد لەو شارە ڕوونوێنی کرابوو.

میرزا عەبدولڕەحیم سابڵاغی، ناسراو بە وەفایی، کوڕی مەڵا غەفوور، لە تایفەی مەلا جامی لە ساڵی ١٨٤٤ی زایینی چاوی بە ژیان هەڵێناوە و ساڵی ١٩٠٢ی زایینیش کۆچی دوایی کردوە.
ناوبانگی وەفایی شاعێری کلاسیکی کورد زیاتر بو غەزەڵە بەسۆزە پڕهەستەکانی دەگەڕێتەوە.