پەیکەرەی سەردار ئەسعەد تێکدرا و بەختیارییەکانیش مانیان گرت

15:24 - 27 بانەمەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: پاش ئەوەیکە یەکێک لە بەرپرسانی چوارمەحاڵ‌وبەختیاری ڕەخنەی لە ساز کردنی پەیکەری عەلیقۆلی‌خانی زەنگەنە، ناسراو بە سەردار ئەسعەد گرت، هێرش کرایە سەر ئەو پەیکەرە و تێکشکێندرا.

پێش نیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی بانەمەڕ، چەند کەسێک هێرشیان کردە سەر پەیکەرەی سەردار ئەسعەد بەختیاری لە مووزەخانەی مەشرووتە و ئەو پەیکەرەیان تێکشکاند.

سەرچاوە جیاوازە هەواڵدەرییەکان باس لەوە دەکەن کە ئەم هێرەشە بە مەودایەکی کورت لە دەربڕینی ناڕەزایەتیی یەکێک لە بەرپرسانی چوارمەحاڵ‌وبەختیاری بە نیسبەت ساز کردنی پەیکەرەی عەلیقۆلی‌خانی زەنگەنە، ناسراو بە سەردار ئەسعەدی بەختیاری، لە پێشەنگەکانی بزووتنەوەی مەشرووتە لە ئێراندا و هەروەها ناوزەد کردنی قەڵای ئەو سەردارە بە مووزەخانەی مەشرووتە، کراوەتە سەر ئەو مووزەخانەیە. ئەوەش لەکاتێکدایە کە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بڕیار وابوو ئەو مووزەخانەیە بە بۆنەی حەوتووی میراتی کولتووری لە ئێراندا بۆ یەکەمین جار لە ژێر ناوی \"موزە مشروطیت\"دا بکرێتەوە.

شایانی باسە کە هەر لەو پەیوەندییەدا ویدیۆیەکی کورت لەسەر چۆنیەتیی تێکشکاندنی ئەو پەیکەرەیە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەستاودەست دەکرێت، کە تێیدا بە ڕوونی دەست‌نەکردنەوە و خەمساردیی هێزە ئەمنییەکان بەرچاوە.

کۆمەڵێک لە خاڵکی ئاسایی و چالاکانی مەدەنیی بەختێاری، لە شوێنە جیاوازەکانی ئێرانەوە، بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین لە تێکشکاندنی ئەو پەیکەرە و بێڕێزی کردن بەو سەردارە مەزنەی بزووتنەوەی مەشرووتە، لە قەڵای مێژوویی شاری \"جونقان\"ی سەر بە پارێزگای چوارمەحاڵ‌وبەختیاری، دەستیان دایە مانگرتن.

مانگرتووان خوازیاری پێڕاگەیشتن و بەدواداچوونی بەرپرسانی حکوومەتی بوون و مانگرتنەکەش لە کەش و هەوایەکی بە تەواوی ئەمنیەتی‌دا بيڕێوە چووە.

سەردار ئەسعەد بەختیاری، یەکێک لە پێشەنگەکانی بزووتنەوەی مەشرووتەخوازی لە ئێراندا بوو و هەروەها یەکێک بوو لەو کەسانەی شاری تارانیان بەدەستەوە گرت. سەردار ئەسعەد خەڵکی شاری \"جونقان\" سەر بە شارستانی \"فارسان\"ی سەر بە پارێزگای \"چوارمەحاڵ‌وبەختیاری\" بووە.

شایانی باسە بی‌بی مەریەمی بەختیاری، کە وەکوو یەکەمین ژنانی پێشەنگ و چالاک لە بزووتنەوەی مەشرووتەدا بەشداری کرد، خوشکی سەردار ئەسعەد بووە و بەهۆی ئازایەتی و نەبەردییەوە لە پرۆسەی گرتنەدەستی شاری تاران‌ لە لایەن مەشرووتەخوازانەوە، ئەویش نازناوی سەرداری وەرگرت و بە سەردار مریەمی بەختیاری ناوی لە مێژوودا تۆمار کراوە.