پەیکەرێک بۆ پیرەمێرد لە پاوە ساز کرا

19:36 - 27 رەزبەر 2714
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا: پەیکەری شاعیری ناوداری کورد \'\'پیرەمێرد\'\' لە لایەن هونەرمەندی خانەگایی لە شاری پاوە، تەواو کرا.

بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هونەرمەندی کورد \'\' بەشیر ناسری\'\' خەڵکی خانەگای سەربە شاری پاوە لە نوێترین کاری هونەری خۆیدا، درووستکردنی پەیکەری شاعیری ناوداری کورد تەوفێق مەحموود ناسراو بە \'\'پیرمێرد\'\'ی بە کۆتایی گەیاند.

ناسری بە سوود وەرگرتن لە تەکنیکی سلیکۆن و بە هاوکاری \'\'د. عەلی‌رەزا خانەگایی\'\' ئەو پەیکەرەی درووستکردووە.

\"22760.jpg\"
دروستکردنی پەیکەری هونەرمەندان \'\'مەولەوی، میرزا عەبدولقادر پاوەیی، مامۆستا هەژار، مامۆستا هێمن، موزیک‌ژەنی ناوداری کورد \'\'قالەمەڕە\'\'، مامۆستا عوسمان هەورامی، مامۆستا محەممەدرەزا شەجەریان، مامۆستا مەزهەر خالقی، مامۆستا شێرکۆ بێکەس\'\' و کردنەوەی کۆمەڵێک پیشاناگای وێنە و دیزاینکردن لە تاران و باقی شارەکان، لە کارنامەی هونەرمەند \'\'بەشیر ناسری\'\'دا بوونیان هەیە.

\'\'بەشیر ناسری\'\' بەشێک لە کارە هونەرییەکانی، لەوانە پەیکەری پیرەمێرد و شێرکۆ بێکەسی رەوانەی شاری سلێمانی کردووە و وتی: بەرپرسانی شاری پاوە بەڵێننامەی جێخستنی پەیکەری میرزا شەفیعی پاوەییان راگرتووە و رێگری لە دانانی ئەو پەیکەرە لە شاری پاوە دەکەن و بەشێکی زۆر لە پەیکەرەکە دارووخاوە و تێکچووە، ئەوە لە کاتێکدایە کە درووستکردنی ئەو پەیکەرە بڕی ٢٠ ملیۆن تمەنی تێچووە.

تەوفیقی مەحەموود ئاغا ناسراو بە \'\'پیرەمێرد\'\' لە ساڵی ١٨٧٦ی زایینی لە شاری سلێمانی لە دایک بووە و خاوەنی شیعری نەورۆزە کە لە نێو کورددا گرنگییەکی تایبەتی هەیە و لە لایەن زۆرێک لە گۆرانیبیژانی کوردەوە وەک \'\'حەسەن زیرەک\'\' کراوە بە سروود و هەتا ئێستاش وەکوو سروودێکی نیشتمانی دەوترێتەوە.

پیرەمێرد بێجگە لە نووسینی شیعر، کاری رۆژنامەوانیشی کردووە و لە ساڵی ١٩٣٤ی زایینیدا بەڕێوەبەری رۆژنامەی ژیان بووە.

ماڵپەڕی ناوچەیی \'\' پاوەپرێس\'\' بڵاوی کردەوە کە \'\'بەشیر ناسری\'\' یەکەم پەیکەرسازی هەورامانە کە توانیویە لە هەنگاوێکی هونەرمەندانەدا و بە دڵ و بەگیان بەرهەمی هونەری بخولقێنێ و بەناوبانگترین کاری کە بریتییە لە پەیکەری شاعیری بەناوبانگی کورد \'\'میرزا عەبدولقادر پاوەیی\'\'ـی پێشکەش بە خەڵکی ئەو ناوچەیە بکات.
\"22761.jpg\"