پەیکەری (سوارۆ) لە سەقز پەردەی لەسەر لادرا+وێنە

12:57 - 29 بەفرانبار 2714
ئاژانسی کوردپا: بە بەشداریی ژمارەیەک لە چالاکانی بواری فەرهەنگی و هونەریی شاری سەقز، پەردە لەسەر پەیکەری (سوارۆ) لادرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پاشنیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە ماکتی پەیکەری (سوارۆ)، کە لەلایەن مەسعوود رەحیمی، هونەرمەندی پەیکەرتاشی شاری سەقزەوە دروست کرابوو، لە رێوڕەسمێکدا لەو شارە خرایە روو.

سوارۆ، شێوازێک لە ژەنینی ئامێری نایە و هەروەها شێوەیەک لە هەڵپەڕکێی کوردییە، کە باس لە گێرانەوەی چیرۆکێکی حیماسیی کۆنی کوردەکان لە شەڕ لەگەڵ دوژمنانیدا دەکات.

بڕیارە، پاش ئەوەی پەیکەری سوارۆ لەلایەن ئەندامانی شۆرا و شارەوانیی شاری سەقزەوە پەسند بکرێت، لە قەبارەیەکی گەورەتردا لە یەکێک لە گۆڕەپانەکانی ئەو شارەدا دابندرێت.

پێشتریش ئەو هونەرمەندە کوردەی خەڵکی شاری سەقز، بەبۆنەی ئاوارەبوونی هاووڵاتییانی کوردی ئیزەدی بەرەو چیای شەنگال، مۆنۆمێنتێکی لەژێر ناوی \"چیای شەنگال\" دروست کردبوو، کە وێڕای پەردە لادانی لە شاری سەقز، دواتر لە شاری سلێمانیش بە بەشداریی ژمارەیک لە بەرپرسانی حکوومەتی هەرێم، خرابوویە روو.

مەسعوود رەحیمی لە رێوڕەسمی ئەو پەردە لادانەدا وێرای رەخنەگرتن لە ئەندامانی شۆرا و بەرپرسانی شاری سەقز، رایگەیاندبوو، \"هیوادار بووم کە لەبری ئەوەیکە لە هەرێمی کوردستان پێشوازی لە بەرهەمەکانم بکرێت، لە زێدی خۆم کارەکانم بەرەوڕووی پێشوازی ببنەوە\".