پەیامی ناوەندی ژنانی ڕۆژهەڵات بۆ ئیدانەکردنی چارەنووسی نادیاری زارا محەمەدی

20:49 - 16 جۆزەردان 2719
ئاژانسی کوردپا: ناوەندی ژنانی ڕۆژهەڵات لە لایەن پێنج ڕێکخراوی ژنانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، سەبارەت بە دەسبەسەر و ناڕوونیی چارەنووسی \"زارا محەمەدی\"، مامۆستای دەسبەسەرکراوی زمانی کوردی، پەیامێکیان بڵاو کردەوە.

لە پەیامی ناوەندی ژنانی ڕۆژهەڵاتدا، هاتووە: \"تاوانی زارا محەمەدی، وتنەوەی وانەی کوردی و فێرکردنی زمانی دایکییە. ڕاپێچیی ئەم مرۆڤە نیشتمانپەروەرە بۆ گرتووخانە و چارەنووسی نادیاری ناوبراو لە کاتێکدایە کە زمانی دایکی و فێربوونەکەی لە چوارچێوەی یاسای نێونەتەوەییدا ئاماژەی پێکراوە.

دەقی ئەم پەیامە کە بۆ ئاژانسی کوردپا نێردراوە، بەم چەشنەی خوارەوەیە:

هاوونیشتمانیانی تێکۆشەر!

دامەزراوە نێونەتەوەییەکانی مافی مروڤ!


هەر وەک ئاگادارن، ماوەی چەندین ڕۆژە، \"زارا محەمەدی\"، چالاکی مەدەنی، ڕاپێچی گرتووخانەیەکی نادیاری ڕژیمی ئێران کراوە و بێ دادپرسییەکی دادپەروەرانە، لە بارودۆخێکی ناڕووندا دەستبەسەرە، هەرچەندە ناوەندی ژنانی ڕۆژهەڵات دەستەبەسەرکردنی ئەو چالاکە مەدەنییە بە نایاسایی و دژی مافەکانی مرۆڤ دەزانێت.

تاوانی زارا محەمەدی، وتنەوەی وانەی کوردی و فێرکردنی زمانی دایکییە.
ڕاپێچیی ئەم مرۆڤە نیشتمانپەروەرە بۆ گرتووخانە و چارەنووسی نادیاری ناوبراو لە کاتێکدایە کە زمانی دایکی و فێربوونەکەی لە چوارچێوەی یاسای نێونەتەوەییدا ئاماژەی پێکراوە و لە جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤدا ئەم مافە بۆ هەموو کەس پارێزراو و چەسپێندراوە. بەڵام ڕژیمی ئێران بەبێ ڕەچاوکردنی مافەکانی مرۆڤ و یاسا و ڕێسا نێونەتەوەییەکان، ئەم مافەی لە نەتەوە بند‌ەستەکانی ئێران زەوت کردووە و ڕێگرە لە بەردەم هەرجۆرە مومارسەیەکی خوێندن و نووسین بێجگە لە زمانی فارسی. تاوانبارکردنی زارا و هەواڵەکانی بە وتنەوەی وانەی کوردی، ئەم ڕاستییە زیاتر دەردەخات کە بنەما و سیستمی دەسەڵات لە ئێراندا، لەسەر ئیدئۆلۆژیکی تایبەت دامەزراوە و تەنیا ئاخوندەکان دەزانن و دەتوانن ئەم پێناسەیە ڕوون بکەنەوە، چونکە لە هیچ ئایدیا و باوەڕێکدا نەهاتووە کە نەتەوە بندەست و جیاوازەکان ناتوانن بە زمانی خۆیان بدوێن و بنووسن.

دەسەڵاتی ئێران، بە گوشار و زەبروزەنگ، سیاسەتی ئاسیمیلەکردن و پاکتاوکردنی ئیتنیکیی بەسەر نەتەوە جیاوازەکاندا سەپاندووە و بە تاوانبارکردنی ناوەندە مەدەنی و سینفیەکان و هەڵبەستنی تۆمەت، ویستوویەتی هیچ دەورێک بۆ ئازادیی زمان و شوناسە نەتەوەییەکان نەکاتەوە و بە بیانووی لەمەترسیکەوتنی ئەمنیی قەومی و هێرشی ڕۆژئاوا، بە ئامانجی پەرەدان بە جیاکاری، تا ئێستا بەردەوامە لە بەربەست دروستکردن. هەر وەک چۆن لە چەند ساڵی ڕابردوودا، بزوتنەوە کۆمەڵایەتی و مەدەنییەکان بە باشترین شێوە لە کوردستان ڕۆڵیان بینیوە، بە هەمان ڕادەش سەرکوت و گوشار بۆ سەر چالاکانی مەدەنی بە بیانووی \"ئەمنیەتی\"، بە توندترین شێوە لە لایەن ڕێژیمەوە وڵام دراوەتەوە.

هەروەها سیاسەتی پاکتاویی نەتەوەیی لە بواری ئابووری و کۆمەڵایەتیشەوە، کوردستانی ڕۆژهەڵاتی ڕووبەڕووی دۆخێکی نالەبار کردووەتەوە و بووەتە هۆی پەرەسەندنی دەیان دیاردەی نالەبار و داڕمانی کۆمەڵایەتی کە لە هەموو ئەو بارودۆخانەشدا، ژنان واتە نیوە‌ بێبەش و لاوازکراوەکەی کۆمەڵگا، زیاترین قوربانیی دەدات. چونکە ڕێژیمی ئێران هەر‌ لە سەرەتای هاتنە سەرکاری بە کۆنترۆڵیکردنی نیوەی کۆمەڵگا، لە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی تەواوی کۆمەڵگادا بووە و بە داڕشتنی یاساکانی لەسەر بنەمایەکی دژەژن و هەڵاواردنی ڕەگەزی لە لایەک و بێبەشکردن و پەراوێزخستنی ژنان لە سیستمەکانی دیکەی کۆمەڵگا لە لایەکی ترەوە، لەمپەڕی لە بەردەم هەموو ڕێگاکانی پێشکەوتنی ژناندا داناوە و بگرە تاکەکانی کۆمەڵگا و ژنانی بە هۆی دەیان پێوەری بەدبەختیی کۆمەڵگاکەی، گیرۆدە و زەبوون کردووە؛ هەر وەک چۆن لە بەردەم دیاردەیەکی وەکوو کوشتن و خوکوژیی ژنان دەنگی لێوە نایەت، بەڵام بە هۆی چالاکیی مەدەنیی چالاکەوانێک، تەواوی ناوەندە ئەمنیەتی و هێزەکانی دەکەونە کار و هەست بە مەترسی دەکەن. لێرەدا سیاسەتی دژەژنی ئەو ڕێژیمە زیاتر دەردەکەوێت کە بەپێی باگراوەندە فیکری و یاساییەکەی، سیستمی دەسەڵات، هۆکاری سەرەکیی پەرەگرتنی دیاردەی ژنکوژی و خۆکوژیی ژنانە. تاوانبارانی ژنکوژ لە نەبوونی یاسایەکی ئینسانیی ئازادانە، لە کۆمەڵگادا دەسووڕێنەوە، ئەو شتەی کە دەسەڵاتی دژەژنی ئێران دەیهەوێت.

کاری ئەو ڕێژیمە، دەمبەستی ژنان و لە قەفەس خستنیانە و لە نوێترین تاوان و هەنگاوی دەمبەستکردنی کۆمەڵگا و هێشتنەوەی هەموو ڕەنگەکان لە چوارچێوەی ڕەنگێکی ڕەشدا، زارا لە بەند دەکات بۆ چاوترسێنکردنی باقی چالاکانی مەدەنی. هێشتنەوەی زارا لە گرتووخانە و دیارنەبوونی چارەنووسی دوای دەیان ڕۆژ، دەری دەخات کە ڕێژیم بۆ سەرکوتی بزووتنەوە مەدەنییەکان لە هەموو زەبروزەنگێک کەڵک وەردەگرێت، بۆیە ئەرکی هەموو ڕێکخراوە بەشەردۆست و دامەزراوە سینفی و مەدەنییەکانە کە ناڕەزایەتی دەرببڕن و دەنگی زارا و دیان چالاکی مەدەنیی دیکە بن.

ئێمە وەک ناوەندی ژنانی ڕۆژهەڵات، داوا لە هەموو لایەک دەکەین ببنە دەنگی زارا و بە وەڕێخستنی کەمپەین و هەرجۆرە جووڵەیەکی ناڕەزایەتی، پشتیوانی لە ئازادبوونی بکەن و نەهێڵن زارا وەک سەدان کەسی بێتاوانی دیکە، تووشی دەیان گرێوگۆڵی دەروونی بکەنەوە و لە زینداندا بەبێ چارەنووس بهێڵرێتەوە.
هەروەها داوا دەکەین لەب ەردەم پرسی ژن لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بێدەنگ نەبن، چونکە ئەو پرسەیە کە ڕێژیمی ئێران دەیان ساڵە کۆمەڵگای ئێرانی پێ کۆنترۆڵ دەکات و بێگومان نیوەی کۆمەڵگا دەتوانێت باشترین کاریگەریی لەسەر بزووتنەوەکاندا هەبێت.

ناوەندی ژنانی ڕۆژهەڵات لە لایەن پێنج ڕێکخراوی ژنانی کوردستانی ڕۆژهەڵات پێکهاتووە کە بریتین لە:

یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران
ڕێکخراوی ئافرەتانی خەباتی کوردستانی ئێران
یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان
ڕێکخراوی ئاسۆی ژنی کورد
کۆمەڵەی ژنانی ڕۆژهەڵات