پەیامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی نەورۆز و هاتنی ساڵی نوێی کوردی

11:03 - 28 رەشەمه 2719

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، بە بۆنەی هاتنی نەورۆز و ساڵی نوێی کوردی، پەیامێکیان بڵاو کردەوە.

لە بەشێکی ئەم پەیامەدا هاتووە: گرینگترین ڕووداوی ئەم ساڵ بەربەرەکانێی شکۆداری خەڵک و تێپەڕینیان لە هێڵە سوورەکانی کۆماری ئیسلامی بوو کە لە ڕاپەڕینە جەماوەرییەکانی خەزەڵوەر و بەفرانباردا بە شێوەیەکی تایبەتی ڕەنگی دایەوە و لەرزۆکیی کۆڵەکەکانی ڕەوایی و هێزی کۆماری ئیسلامیی زیاتر لە جاران دەرخست.

دەقی ئەم پەیامە، بەم چەشنەیە:

 کۆمەڵانی خەڵکی خەباتگێڕی کوردستان

جارێکی دیکە لە کاتێکدا بەرەوپیری نەورۆز، جێژنی نەتەوەیی کورد و وەرزی ژیانەوەی سروشت دەچینەوە کە وڵاتەکەمان ئەگەرچی هێشتا لە ژێر چەپۆکی دەسەڵاتێکی تاوانکاری خولقێنەری کارەسات و زەبروزەنگ و دیکتاتۆریدایە، بەڵام هاوکات لاپەڕەیەکی زێڕینی دیکە لە مێژووی خەبات و ڕاپەڕین و بەرەنگاریی گەلانی ستەملێکراوی ئێران و کوردستان لە بەرانبەر ئەو سیستمە ئازادیکۆژەدا هەڵدرایەوە.

ساڵێک کە تێپەڕی، درێژەی چوار دەیە داپڵۆساندن و چەوساندنەوە و کەمتەرخەمی بەرانبەر بە ماف و داخوازییە مرۆییەکانی گەلانی ئێران لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە بوو. لەم ساڵەدا شاهیدی زنجیرەیەک ئاڵوگۆڕی نێوخۆیی و دەرەکی بووین کە لە هەموویاندا جەوهەری دژەمرۆیی ئەو ڕێژیمە زیاتر لە جاران بۆ خەڵکی نێوخۆ و بیروڕای گشتیی گەلانی ناوچەکە ئاشکرا بوو.

 لە ساڵی ڕابردوودا سەرکوتەکان، پێشێلکارییەکان و دڕندایەتیی هێزی سەرکوتکەر نەک هەر نەیتوانی تۆزقاڵێک لە  ئیرادەی شۆڕشگێڕی و خەباتی بێ وچانی کرێکارانی مافخواز و پێشەنگایەتیی ژنانی یەکسانیخوازی وڵاتەکەمان لە ڕەوتی خەبات و تێکۆشاندا کەم بکاتەوە، بەڵکوو بوێری و ئازایەتیی ئەوان و یەکڕیزیی هەموو چین و توێژە ستەملێکراوەکانی دیکەی کۆمەڵگا زیاتر لە جاران لە گۆڕەپانی کردەوەدا سەلمێنرا.

گرینگترین ڕووداوی ئەم ساڵ بەربەرەکانێی شکۆداری خەڵک و تێپەڕینیان لە هێڵە سوورەکانی کۆماری ئیسلامی بوو کە لە ڕاپەڕینە جەماوەرییەکانی خەزەڵوەر و بەفرانباردا بە شێوەیەکی تایبەتی ڕەنگی دایەوە و لەرزۆکیی کۆڵەکەکانی ڕەوایی و هێزی کۆماری ئیسلامیی زیاتر لە جاران دەرخست. نەتەوەی کورد وەک هەمیشە لە ڕیزی پێشەوەی ئەو خەباتە ئازادیخوازانەیەدا  حەماسەیەکی مێژوویی دیکەی خولقاند و بەتایبەتی لە شارەکانی کرماشان، مەریوان، جوانڕۆ و بۆکان ڕاپەڕینی ئازایانەی خەڵک، ڕێژیمی تووشی شڵەژانێکی کەموێنە کرد.

ئەو ڕاپەڕینە لەگەڵ سەرکوتی خوێناوی و بێبەزەییانەی ڕێژیم بەرەوڕوو بوو و هەزاران کەس لە ئازاترین ڕۆڵەکانی گەلانی ئێران و گەلی کورد بە تایبەتی لە لایەن هێزە دژی گەلییەکانەوە کوژران و بریندار بوون و هەزاران کەسی دیکەش بە شیوەیەکی دڕندانە ڕفێنران و لە چاڵە ڕەشەکانی ڕیژیمدا کەوتنە ژێر سووکایەتی و ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی و گوشار و هەڕەشە بۆ سەر بنەماڵەکانیان هێشتا درێژەی هەیە.

 بەڵام ڕێژیم بە پیچەوانەی ئەوەی کە بە سەرکوتی خەڵک دەیهەوێ خۆی وەکوو دەسەڵاتێکی بەهێز نیشان بدات، لە هەر دوو ئاستی نێوخۆیی و دەرەکیدا دەستەوەستانی و بێ توانایی خۆی لە چارەسەری کێشەکاندا بە تەواوی دەرخست.

 لە لایەکەوە ئابووریی ئێران کە پێشتر بەهۆی دەستوەردانی حکوومەت و دامەزراوەکانی ژێر فەرمانی ڕێبەر و گەندەڵیی و تاڵانی سەرمایەکانی وڵات لە لایەن کاربەدەستانی باڵای ڕێژیمەوە لە دۆخێکی شپرزەدا بوو، پاش هەڵوەشانەوەی ڕێککەوتنی ناوکی کە لێکەوتەی ڕاستەوخۆی سیاسەتەکانی خودی ڕێژیم بوو، لەوەش زیاتر تووشی داتەپین و کورتهێنانی بوودجە بووە کە ئەوەش لە تەنیشت تێچووی سەرسووڕهێنەری ئاژاوەگێڕییە نێودەوڵەتییەکانیان، تاڵانچیەتیی بەرپرسان، نادادپەروەریی کۆمەڵایەتی، گرانی، دابەزینی نرخی تمەن، بێکاری، هەژاری و... دەسەڵاتدارانی تارانی تووشی قەیرانێکی پڕووکێنەر کردووە کە لێهاتوویی و زانستی چارەسەری ئەو قەیرانەیان نیە. 

لە لایەکی دیکەوە، لە وڵاتانی ناوچەدا خەڵک زیاتر لە ڕابردوو، لە سیاسەتی داگیرکارانە و ناوەرۆکی کاولکەر و دژەمرۆیی کۆماری ئیسلامی تێگەیشتوون و ئیدئۆلۆژیی ئایینیی ئەو ڕێژیمە چیدی توانای ڕاکێشانی سەرنجی خەڵک و فریودانی بیروڕای گشتیی گەلانی ناوچەی نەماوە، هەربۆیە لە لوبنانەوە تا سووریە و بەتایبەتی شەقامی شارە شیعەنشینەکانی عێراق شاهیدی داڕمانی ڕەوایی ئیدئۆلۆژیی کۆماری ئیسلامی بووین کە پێشتر لە ژێر دەمامکی پاراستنی شوێنە پیرۆزە ئایینییەکان و شەڕی تیرۆردا پێگەیەکی لە نێو بەشێک لە خەڵکی ئەو وڵاتانە بۆ خۆی دەستەبەر کردبوو، بەڵام ئێستا لە ڕووی ئیدئۆلۆژیکەوە بە تەواوی ڕەنج بە خەسار و مایەپووچ دەرچووە.

هەر لەو پێوەندییەدا کوژرانی قاسم سلێمانی، فەرماندەی سپای تیرۆریستیی قودس و بەڕێوەبەری سەرەکیی پیلانەکانی ڕێژیم لە ناوچەکەدا لە لایەن ئەمریکاوە، بەرهەمێکی دیکەی دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا بوو کە لەگەڵ پێشوازیی گەلانی ئازاردیتووی ناوچەکەش بەرەوڕوو بوو. هەر لە درێژەی ئاڵوگۆڕەکانی پێوەندیدار بەو ڕووداوەدا یەکەی مووشەکیی سپای پاسداران فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگری ئۆکراینیی کردە ئامانج کە لە ئاکامدا دەیان کەسی بێ تاوان  گیانیان لە دەست دا و قەیرانێکی نێوخۆیی و گوشارێکی نێودەوڵەتیی دیکەی خستە سەر گەمارۆ و گوشارەکانی پێشوو.

لە دژکردەوە بەو ڕووداوە و چلەی گیانبەختکردوانی ڕاپەڕینی خوێناویی خەزەڵوەردا شەقام و زانکۆکانی ئێران بۆ جارێکی دیکە بوونە مەکۆی ناڕەزایەتی و دروشمدان دژ بە تەواویەتی پێکهاتەی ڕێژیم و لە کوورەی ڕقی جەماوەردا هێما و وێنەکانی ڕێبەرانی ڕێژیم ئاگریان تێ بەردرا.

 هەر لەم ساڵەدا شانۆی هەڵبژاردنی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ڕێژیم لە کاتێکدا بەڕێوە چوو کە بۆ یەکەمجار بایکۆتێکی بەربڵاو سەرانسەری ناوچەکانی ئێران و کوردستانی گرتەوە، بە جۆرێک کە تەنانەت لە ئامارەکانی خودی ڕێژیمیشدا نەیانتوانی نکۆڵی لە سەرکەوتنی بایکۆت و تەریککەوتوویی ڕێژیم لە نیو خەڵکدا بکەن.

لە بەهار و زستانی ئەمساڵدا بەهۆی شەپۆلی باران بارین، لافاوێکی ماڵوێرانکەر ناوچەکانی ئێران و کوردستانی گرتەوە کە بەو هۆیەوە زیانێکی گیانی و ماڵیی زۆر لە خەڵک کەوت و ژینگەی وڵات خاپوور کرا. لەو نێوانەدا بۆ جارێکی دیکەش دەستەوەستانی و بێ مودیریەتیی ڕێژیم دەرکەوت و سەلمێنرایەوە کە نە ئیرادە و نە توانای بەرەنگاربوونەوەی ئەو جۆرە کارەساتانەیان تێدا نیە و خەڵک لە بەرانبەر کاولکاریی ڕووداوە سروشتییەکاندا - کە بەشێک لەوانەش کاریگەریی سیاسەتی دەسەڵاتدارانیان لە سەرە- ناتوانن پشت بە یارمەتی و پشتیوانیی ڕێژیم ببەستن، ڕێژیمێک کە نە خۆی توانای پاراستنی خەڵکی تێدایە و نە لووتبەرزییەکانیان ڕێگە دەدات داوای یارمەتی لە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی بکەن.

دوایین کارەساتی ئەمساڵ کە بەهۆی گوێنەدانی ڕێژیم بە دۆخی ژیان و تەندروستیی خەڵک ڕووی دا، گواستنەوەی ڤایرۆسی کرۆنا لە چینەوە بۆ ئێران و لە ئێرانەوە بۆ وڵاتانی دەوروبەر بوو کە بەهۆی کەمتەرخەمی و نەزانکاریی دەسەڵاتدارانی تاران ئێستا سێبەری هەڕەشە باڵی بە سەر ئێران و هەموو ناوچەکەدا کێشاوە و تا ئێستاش ڕێژیم هیچ هەنگاوێکی ئەرێنیی بۆ پێشگرتن بە بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشییە هەڵنەگرتووە و بگرە بە بێ گوێدانە ڕێنوێنییە تەندروستییەکان، شاری قوم وەکوو ناوەندی ئەو نەخۆشییە نەک هەر قەرەنتینە نەکراوە، بەڵکوو کراوەتە ناوەندێک بۆ هەناردەکردنی ڤایرۆسی کرۆنا بۆ هەموو ناوچەکانی ئێران و کوردستان. هەر ئەو سیاسەتەش بۆتە هۆی تووڕەیی زیاتری خەڵک لە سیاسەت و بەڕێوەبەریی کۆماری ئیسلامی.

لە پێوەندی لەگەڵ پرسی مودیریەتی ئەو قەیرانەدا خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیم لە بڕیارێکی نوێدا دەسەڵاتەکانی لە وەزارەتی تەندروستی و کابینەی ڕۆحانی وەرگرتۆتەوە و ڕادەستی سپای تیرۆریستیی پاسدارانی کردووە. ئەو ئاڵوگۆرە لە لایەکەوە بۆ جارێکی دیکە ئەو ڕاستییە دەردەخات کە سەرۆک کۆمار و حکوومەت لەو سیستمەدا خاوەنی دەسەڵاتێکی ڕاستەقینە نین. لە لایەکی دیکەوە ئاماژەکان وا نیشان دەدەن کە ڕێژیم بە ناوی مودیریەتی قەیرانەوە خەریکی میلیتاریزەکردنی زیاتری کۆمەڵگا و خولقاندنی تاوانێکی دیکە دژ بە مرۆڤایەتییە و پێویستە ئازادیخوازان و خەڵکی وڵاتەکەمان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە هەڵگرتنی هەنگاوی پێویست ئەو سیاسەتە دژەمرۆییە لەقاو بدەن و پێش بە ڕوودانی کارەساتێکی گەورە بگرن.

هەروەها ئێمە وەکوو ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە پێویستی دەزانین وێڕای پێداگری لەسەر ڕاگەیەندراوی پێشووی خۆمان لەو پێوەندییەدا، جارێکی دیکە داوا لە خەڵک بکەین بە ڕەچاوکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان، یارمەتیدەری هەوڵەکان بۆ سەرکەوتن بە سەر ئەو پەتایەدا بن.

 هاونیشتمانیان!

کۆی ئەو ڕووداوانەی ساڵی ڕابردوو نیشان دەدەن کە ڕێژیم لە هەموو ڕوویەکەوە لە ئاستی جیهانی و ناوچەیی و نێوخۆییدا لە گێژاوی قەیران و دەستەوەستانی چەقیوە و هەرچی زیاتر پەلەقاژە دەکات زیاتر ڕۆ دەچێتە نێو ئەو گێژاوەوە. بێگومان ئەوە هێز و ئیرادەی شۆڕشگێڕانەی یەکگرتووی ئێوەیە کە لە ساڵی داهاتوودا دەتوانێ ڕێژیم بۆ هەمێشە لە زۆنگاوی قەیرانەکانیدا نوقم بکات و مرۆڤایەتی لەو دێوەزمە نگریسە ڕزگار بکات.

با هەموومان ئەمساڵ فەلسەفەی نەورۆز وەکوو هێمای ژیانەوە و ڕاپەڕین، بکەینە چرای ڕێگای ژیان و خەباتمان و بە تێکۆشان و گیانبازیی زیاتر، یەکڕیز و یەکگرتوو تا ڕووخاندنی ڕێژیم و بنیاتنانی داهاتوویەکی دوور لە ئازار و ستەم و چەوسانەوە بۆ خۆمان و نەوەکانی داهاتوو، لە سەنگەری خەباتدا پتەو ڕاوەستین و بە کەڵک وەرگرتن لە هەموو شێوەکانی خەباتی ئازادیخوازانە، یەک جار بۆ هەمیشە کۆتایی بە مۆتەکەی دەسەڵاتی ستەمکارانەی ڕێژیمی ئازادیکوژ و کاولکەری کۆماری ئیسلامی بێنین.

ئێمە لە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێراندا  وێڕای پیرۆزبایی نەورۆز و سەری ساڵی نوێ لە گەلی کورد و سەرجەم ئازادیخوازانی گەلانی ئێران، لەگەڵ شەهیدانی ڕێگای ئازادی، یەکسانی و ڕزگاریی وڵاتەکەمان پەیمانی نوێ دەکەینەوە کە تا وەدیهێنانی ئاواتەکانیان و بنیانتانی سیستمێکی دێموکراتیک و دابینبوونی ماف و ئازادییەکانی نەتەوەکەمان، لە سەنگەری گیانبازی و تێکۆشاندا بەردەوام بین و وانەی نەسرەوتن تا سەرکەوتن بکەینە چرای ڕێنوێنی تێکۆشانمان.

 سڵاو لە شەهیدانی ڕێگای ئازادی و دادپەروەری

 سڵاو لە ئیرادەی پۆڵایینی زیندانیانی سیاسی

 سەرکەوێ خەباتی گەلانی ئێران بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی

سەرکەوێ خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

نەورۆزی ١٣٩٩ی هەتاوی

٢٧٢٠ی کوردی