پەیامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی شۆڕشی گەڵانی ئێران

11:48 - 21 رێبەندان 2719

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ٢٢ی ڕێبەندان، ساڵوەگەڕی سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران پەیامێكی بڵاو کردەوە.

لە بەشێکی ئەو پەیامەدا هاتووە: شۆڕشی ساڵی ٥٧ی گەلانی ئێران کە لووتکەی سەرکەوتنی ٢٢ی ڕێبەندانە، تەقینەوەی گڕکانی ناڕەزایەتیی گەلانی ماف پێشیلکراوی ئێران لە بەرانبەر زوڵم و دیکتاتۆریی بنەماڵەی پەهلەوی بووە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

هاونیشتمانیانی خۆشەویست!

گەلانی ئازادیخوازی ئێران!

خەڵکی خەباتگێڕ و مافخوازی کورد!

شۆڕشی ڕێبەندانی ١٣٥٧ دەنگی ناڕەزایەتیی پەنگخواردووی گەلانی ئێران لە بەرانبەر دیکتاتۆریی پاشایەتیی بنەماڵەی پەهلەوی و درێژەی پرۆسەی خەبات بۆ ئازادی و دێموکراسی و ڕزگاربوون لە چنگی دیکتاتۆری بوو.

لە ماوەی زیاتر لە سەد ساڵی ڕابردوودا و بە بڵاوبوونەوەی بەها مرۆییەکانی وەک ئازادی، دادپەروەری و دێموکراسی بە هەموو جیهاندا، گەلانی ئێران بە وەڕێخستنی چەندین بزووتنەوە و شۆڕشی گەورە، خەبات و قوربانیدانێکی کەم وێنەیان بۆ جێگیرکردنی ئەو چەمکە مرۆییانە و ڕزگاربوون لە چنگ ڕێژیمە دیکتاتۆرەکان و دەسەڵاتدارە سەرەڕۆکانی زاڵ بەسەر چارەنووسیاندا بەڕێوە بردووە، بەڵام مخابن تێکڕای ئەو هەموو هەوڵ و خەبات و قوربانیدانە تا ئێستا نەیتوانیوە ئامانجە بەرزەکانی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ڕێبەندانی ٥٧ و چەندین بزووتنەوە و ڕاپەڕینی دیکە لەو وڵاتەدا دەستەبەر بکات و ئازادی و دێموکراسی و دادپەروەری و مافە ڕەواکانی دیکەی نەتەوەکانی ئێران لەلایەن کۆمەڵێک دەسەڵاتداری سەرەڕۆی هەڵگری بیری شۆڤینیزم و کۆنەپەرەستی و دیکتاتۆرییەوە زەوت کراون و بەرهەمی خوێن و خەباتی هەزاران مرۆڤی تێکۆشەر و ئازادیخواز بووەتە قوربانیی پیلانە نگریسەکانی دەسەڵاتدارانی هەردوو ڕێژیمی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامی.

شۆڕشی ساڵی ٥٧ی گەلانی ئێران کە لووتکەی سەرکەوتنی ٢٢ی ڕێبەندانە، تەقینەوەی گڕکانی ناڕەزایەتیی گەلانی ماف پێشیلکراوی ئێران لە بەرانبەر زوڵم و دیکتاتۆریی بنەماڵەی پەهلەوی بوو، هەر بۆیە ئامانجی ئەو خەڵکە ڕاپەڕیوە لە شۆڕش و ڕاپەڕین نەیدەتوانی شتێک بەدەر لە بەدیهێنانی ئازادی و دێموکراسی و دادپەروەری بێت. بەڵام مخابن لە نیوەی ڕێگای شۆڕشدا خومەینی و هاوبیرانی بە پیلانێکی ورد و ئامانجدار کەڵکی خراپیان لە نەبوونی ڕێبەرایەتییەکی دێموکراتیکی تۆکمە و ئاڵترناتیڤێکی بەهێزی هەڵگری ئامانج و بەهاکانی شۆڕش وەرگرت و هێژمۆنی و دەسەڵاتی ڕەشی خۆیان بەسەر شۆڕشێکدا سەپاند کە بەرهەمی ماندووبوون و بەرامەی ڕەنج و خەباتی خەڵک و هەموو چین و توێژە ئازاردیتووەکانی کۆمەڵگای ئێران بوو.

کەسایەتیی خومەینی وەکوو ڕێبەر و دامەزرێنەری ئەو ڕێژیمە و تاڵانکەری بەهاکان و ئامانجە بەرزەکانی شۆڕشی ١٣٥٧، ئاوێنەی باڵانوێنی ئیدئۆلۆژی و ئامانجە دژەمرۆییەکانی سیستمی ویلایەتی فەقیهـ و هێمای ڕق لە دڵی و کۆنەپەرەستیی هەڵگرانی ئەو بیر و باوەڕە شوومە بوو کە بۆ گەلانی ئێران پەیامهێنەری مەرگ و کوێرەوەری و بەجێمان لە کاروانی پێشکەوتن و شارستانییەتی سەردەم بوو.

هەر بۆیە لە ماوەی زیاتر لە چوار دەیە دەسەڵاتداریی ئەو ڕیژیمەدا حافزەی مێژوویی گەلانی ئێران بەگشتی و نەتەوەی کورد بەتایبەتی بە کۆمەڵێک بیرەوەریی تاڵی وەک هێرشی دڕندانە بۆ سەر کوردستان، ئەهواز، بەلووچستان، تورکەمەنسەحرا، هێرش بۆ سەر باڵوێزخانەکان، تیرۆریزمی دەوڵەتی لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات، کۆمەڵکوژیی خەڵک و زیندانییانی سیاسی، کوشتاری جیابیران، کاولکاری و ئاژاوەگێڕی لە وڵاتانی دەوروبەردا، شەڕی کاولکەری ٨ ساڵە، دزین و تاڵانکردنی سامانە گشتییەکانی وڵات، گەندەڵیی بەربڵاو، هەژاری، بێکاری، پاکتاوی فەرهەنگی و ئاسیمیلاسیۆن، تەریککەوتنەوە لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا، سەرکوت و داپڵۆسین و هەڵاواردنی سیستماتیک، ستەم و چەوسانەوەی نەتەوایەتی و ڕەگەزی و چینایەتی، سووکایەتی بە کەسایەتی و کەرامەتی ژن، پەرەدان بە کولتووری مەرگخوازی، گەمارۆی ئابووری و گرانی و بێ داهاتی، کاولکردنی ژینگە و دەیان خەساری کۆمەڵایەتی و خەفەقانی سیاسیی تاقەتپڕووکێن ئاخنراوە.

ئەوانە تەنیا مشتێک لە خەرمانی دیارییەکانی ئەو ڕێژیمە ئازادیکوژە بۆ گەلانی ئێران بەگشتی و گەلی کورد بەتایبەتی بووە.

لە ماوەی ئەو ساڵانەدا خەڵکی کوردستان هەمیشە لە ڕیزی پێشەوەی خەبات بۆ دابینبوونی ئازادی و دادپەروەری و مافە نەتەوایەتییەکانیان وەکوو قەڵایەکی لەگیراننەهاتوو دژ بە تەوژمی سەرکوت و دیکتاتۆری و داگیرکاریی دەسەڵاتدارانی تاران ڕاوەستاون و زۆرترین قوربانییان لە سەنگەری خەبات بۆ بەچۆکداهێنانی ڕێژیمدا پێشکەش بە بارەگای ئازادی و سەروەریی نیشتمانی کردووە.

لە چەند ساڵی ڕابردوودا درێژەی سیاسەتەکانی ڕێژیم بە جۆرێک تەنگی بە هەموو چین و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگەی ئێرانیش هەڵچنیوە کە ئیدی دەتوانین بڵێین خەبات بۆ ڕووخاندنی ڕێژیم و وەلانانی یەکجاریی ئیدئۆلۆژییە سەدە نێوەڕاستییەکەی بووەتە داخوازیی گەلانی دیکەی ئێرانیش و دروشمەکانی خۆپیشاندەرانی خەزەڵوەری خوێناوی و بەفرانباری ئەمساڵ دەربڕی ئەو ڕاستییەن کە ڕێژیم لەنێو بیر و باوەڕەکانی خەڵکدا ڕووخاوە و هیچ ڕەوایی و ئاسۆیەکی مانەوەی بۆ بەدی ناکرێت.

چل و یەک ساڵ پاش ئەو شۆڕشە، پێداگریی خەڵک لەسەر ئامانجە بە تاڵانبراوەکانی شۆڕش ئەوەمان پێ دەڵێت کە شۆڕش بە لاڕێدا براوە و نەیتوانیوە ئامانجی ڕاستەقینەی خۆی بپێکێت و لە ڕاستیدا خەبات بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجانە بە گوڕوتێنێکی زیاترەوە بەردەوامە.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە بەرەبەری ٢٢ی ڕێبەندان، ٤١ـەمین ساڵوەگەڕی سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران بەسەر دیکتاتۆریی پەهلەویدا، جارێکی دیکە دروشم و ئامانجە ڕەوا و دێموکراتیکەکانی هەڵقوڵاوی ناخی ئەو شۆڕشە واتە ئازادی، دێموکراسی، دادپەروەری و مافە نەتەوایەتییەکانی گەلانی ئێران وە بیر هەموان دێنێتەوە و جەخت لەسەر ئەو ڕاستییە دەکاتەوە کە تا کاتی  دابینبوونی ئەو ئامانجانە تێکۆشان و خەباتی بێ پسانەوەی گەلانی ئێران بەگشتی و بزووتنەوە و خەڵکی کوردستان بەتایبەتی بۆ بەدیهێنانیان بەردەوام دەبێت و شانبەشانی هێزە سیاسی و پێشکەوتنخوازەکانی سەرانسەری ئێران بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجە بەرزانە لە خەبات بەردەوام دەبێت.

سەرکەوێ خەباتی گەلانی ئێران دژ بە دیکتاتۆری و ستەم و کۆنەپەرەستی

سەرکەوێ خەباتی مافخوازانەی گەلی کورد لە پێناوی وەدیهێنانی ئامانجە سیاسی و نەتەوەییەکانی

بڕووخێت ڕێژیمی کۆنەپەرەستی کۆماری ئیسلامی

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

٢١ی ڕێبەندانی ١٣٩٨ی هەتاوی

١٠ی فێڤرییەی ٢٠٢٠ی زایینی