پەیامی بەهمەن قوبادی بۆ کچە قوتابییەکانی قوتابخانەی شیناوێی پیرانشار

12:37 - 23 سەرماوەز 2712
ئاژانسی کوردپا: دوابەدوای سووتانی ٣٧ کچە قوتابیی و گیان لەدەست دانی یەکێک لەو قوتابییانە، بەهمەن قوبادی پەیامی هاوخەمیی خۆی ئاراستە كرد.

سینەماکاری ناسراوی کورد بەهمەن قوبادی دوای سووتانی ٣٧ کچە قوتابی وپاش گیان لەدەست دانی یەکێک لە قوتابیانی قوتابخانەی سەرەتایی گوندی شێناوێی سەربە پیرانشار، پەیامێکی هاوخەمی بڵاو کردەوە.

نوسخەیەک لەو پەیامە بە ئاژانسی کوردپا گەیشتووە:
دەقی پەیامەکە:

باش دەتانناسم. لە كاتی وێنەگرتنی زۆربەی فیلمەكانم بە جۆرێك لەگەڵمدا هاوڕێ بوون. وزەم لە ئێوە دەگرت و پەرۆشی سەبارەت بە خواردن، جلوبەرگ، قوتابخانە دوورەكان، شەقامە نالەبارەكان، ... و ژیانی سەخت و بێ كەرەسەتان بەردەوام لەگەڵمدا بوو.

لەو شەقامانەی كە تەنانەت ئەسپەكانیش بۆ تەحەمولی سەرما مەستیان دەكرد، ئێوە چەندین كیلۆمیتر رێگاتان دەپێوا تاكوو بچنە قوتابخانەی گوندی تەنیشتتان. لە نیشتمانەكەمدا ئەو سەختیانەم زۆر جار بینیبوو. هەندێك جار لە دوورەوە تەنیا خاڵی ڕەش بوون كەلە دڵی سپیبوونی بەفرەكاندا جووڵەتان دەكرد، كاتێك كە نزیك دەبوونەوە سەهۆڵ بە هەموو شۆنێكتان شووڕ ببۆوە. سڵاوێكتان دەكرد و راتان دەكرد بە هیوای ئەوەی كە بە زووترین كات شوێنێك لە نزیك كورەی پۆلەكەتان بدۆزنەوە و هەندێك گەرما بە گیانی سەهۆڵاویتان بگەیەنن.

نەتاندەزانی ئەو كوورەیەی كە دەستە چكۆلەكەتان بە دەورەییەوە بازنە كردووە رۆژێك جەستەتان بسووتێنێت و گیانتان لێ بستێنێت.

لەم زوڵمە، لە دەروونم بڵێسەی ئاور هەڵدەستێت. فرمێسكەكانم دێتەخوار، بەڵام دەنگم دەرنایە، بە شێوەیەك كە قوڕگم سووتاوە. لە رێگای دوورەوە جەستەكانتان ماچ دەكەم. نازانم چ كاتێك، بەڵام دەزانم رۆژێك دێت كە ئەو پارەیەی كە دەبێت بۆ گەرمكردنی ئێوە خەرج بكرێت ئیتر نەچێتە گیرفانی ساختەچی و درۆزنەكانەوە كە دنیا لە دەستیان بێزار بووە. ئەو كەسانە شەرم بكەن كە ئێوەیان لە ئاوری خۆیاندا سووتاند و داوای لێبوردنیشیان خۆسووك كردنێكی بێشەرمانە بوو.